نۆژەن دەکرێتەوە

سیمای 40 ساڵی رابردووی ناو بازاڕی قەزای سێمێل دەگۆڕدرێت

هیڤی دێوالی-دهۆک

بۆ یەکەمجار لە پارێزگای دهۆک بەشێوازێکی نوێ و مودێرن رێگاکانی ناو بازاڕی سەنتەری قەزای سێمێل بە رەنگی “سووری تاریک” دەنەخشێندرێن، سەرۆکی شارەوانی قەزاکەش دەڵێت، بە تێچووی 47 ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەکە جێبەجێدەکەن و لە هەفتەیەکی تردا تەواو دەبێت.

لەکاتی جێبەجێکردنی پرۆژەکە هەموو زیادەڕۆییەکانی دوکانەکان و رێگاکان لابراون و ماوەی نزیکەی مانگێکە شارەوانی قەزاکە دەستی بە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی رێگە و ئاو و ئاوەڕۆی بازاڕی سەنتەری قەزای سێمێل کردووە.

ئەمرۆ چوارشەممە6.8.2025، ئەندازیار موحسن عەبدولکەریم، سەرۆکی شارەوانی قەزای سێمێل بە 964ـی وت، پرۆژەکە نۆژەنکردنەوەی تەواوی ژێرخانی بازاڕەکەیە، کە تێیدا سیستەمێکی نوێی ئاو و ئاوەڕۆ دانراوە و کێشەکانی ساڵانی پێشوو چارەسەر دەکرێن و سیمایەکی جوان بەبازاڕەکە دەبەخشێت.

رێگاکانی ناو بازاڕەکە، بەدرێژی دوو هەزار و 700 مەتر دووجا و بەشێوازێکی مودرێن دروستدەکرێن.

زیاتر لە 40 ساڵە رێگا و ئاو ئاوەرۆی بازاڕی قەزای سێمێل دروستکراوە و نۆژەن نەکراوەتەوە و بڕیارە هەفتەیەکی دیکە کارەکانی تەواو بکرێت و سیمای 40 ساڵی رابردووی بگۆڕدرێت.

پێداچوونەوە: هاوبەش