964 روونی دەکاتەوە

بڕی هاوکارییەکەی هاوپەیمانان بۆ 181 هەزار دینار دابەزیوە


ئەحمەد مستەفا

لە سەرەتای هاوکارییە داراییەکانی هاوپەیمانان هەر پێشمەرگەیەک، لە چوارچێوەی “لیوا هاوبەشەکان” بڕی 434 هەزار دیناری وەردەگرت، بەڵام ئێستا ئەو بڕە، لە مانگی حەوتی ئەمساڵ بۆ 181 هەزار دینار دابەزیوە.

بە گوێرەی داتا بەردەستەکانی 964 بێت، ئەم مانگە نزیکەی 78 هەزار کەس ئەو هاوکارییە دەیانگرێتەوە، نزیکەی 74 هەزار ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە بە سیستەمی پڕۆژەی هەژماری من هاوکاری هاوپەیمانان وەردەگرن، ئەوانەی تریش لە رێگەی بانکەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار و بەرپرس کە ویستی ناو ئاشکرانەکرێ، ئەمڕۆ سێشەممە 5.8.2025، لە لیوا هاوبەشەکان بە 964 ی وت، مانگ لە دوای مانگ، ژمارەی ئەو پێشمەرگانەی لە چوارچێوەی دوو فیرقەکە جێگیر و رێکدەخرێن، زیاد دەکات، ئەوەش هۆکارە بۆ زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی هاوکارییەکە وەردەگرن، لە هەمان کاتدا کەمبوونەوەی بڕی هاوکارییەکە.

هاوکاری هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە بڕەکەی زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلاری مانگانەیە وەک پشتیوانییەک بۆ هێزە هاوبەشەکانی پێشمەرگە دابینکراوە، لە مانگی سێی ئەمساڵ، زیاتر کە 46 هەزار پێشمەرگە و ئەفسەری سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە هاوکارییەکەیان وەرگرت، بەڵام لە مانگی حەوت بۆ نزیکەی 78 هەزار ئەفسەر و پێشمەرگە زیادی کردووە.

ئەو بەرپرسە وتی، هەر فیرقەیەک کە دروست دەکرێ، دەبێ شەش لیوا لەچوارچێوەی دەسەڵاتی جێگیربکات، بەڵام فیرقە نوێیەکان تائێستا کارەکانیان بۆ رێکخستنی چوار لیوایە، هەر لیوایەکیش هەزار و 500 پێشمەرگە و ئەفسەری لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دەبێ، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو دوو فرقەی کە هاوپەیمانان بناغەی دەکەن.

لە ساڵی 2020 ئیدارەی كۆشكی سپی، هاوكارییەكانی خۆی بۆ پێشمەرگە لەرێگەی حكومەتی ناوەندییەوە دەنێرێ، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنە ستراتیژییە كە حکومەتەکەی مستەفا كازمی لە واشنتن، لەگەڵ ئیدارەی ئەوکاتی ئەمریکا واژۆی کرد.