"داهاتی سندوقی شێرپەنجە 60٪ کەمیکردووە"

نەخۆشخانەی هیوا: لە شەش مانگدا دوو هەزار تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون

ژووری هەواڵ

ئاماری نوێی نەخۆشخانەی هیوا دەریدەخات لە شەش مانگی رابردوودا تووشبوون بە شێرپەنجە زیادیکردووە و لەو ماوەیەدا زیاتر لە دوو هەزار تووشبووی نوێ تۆمار کراون.

ئەمڕۆ سێشەممە 5.8.2025، د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەشێک لەو تووشبووانەی تۆمارکراون خەڵکی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا باسی لە داهاتی سندوقی شێرپەنجەش کرد و وتی، بەهۆی قەیرانی داراییەوە بڕی داهاتی سندووقەکە زیاتر لە 60٪ کەمیکردووە.

بە وتەی د. یاد نەقشبەندی، زۆرترین داهات کە بۆ سندوقی شێرپەنجە کۆدەکرێتەوە، لە داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی و پارێزگاکانی دیکەوە سەرچاوە دەگرێت.

“ئێستا داهاتی سندوقی شێرپەنجە لە دۆخێکی باشدا نییە، پێشتر بەشێکی داهاتی خواردنەوە کحولییەکان و جگەرە بۆ سندوقەکە دابین دەکرا، بەڵام ئێستا کەمیکردووە”، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا وای وت.