بۆ یەكەمجارە قسە بۆ میدیای كوردی دەكات

كەسایەتییەكی نزیک لە دەسەڵاتدارانی ئێران لە رێگای 964وە وەڵامی ئەمریكا دەداتەوە

محەمەد فاتیح

ئەمیر موسەوی، كە بە كەسایەتییەكی نزیك لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەناسرێت، لە رێگای 964وە وەڵامی تێڕوانین و ئامۆژگارییەكانی ئەمریكا بۆ عێراق دەداتەوە، هاوكات دەڵێت، تاران لەسەر هاوكاریكردنی عێراق سوورە.

ئەمیر موسەوی، بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوە ستراتیژییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە تاران و راوێژكاری پێشوو لە سەرۆكایەتی كۆماری ئێران، بە كەسایەتییەكی نزیك لە دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە ناسراوە، ئەو لە رێگای 964وە قسە بۆ بينەر و خوێنەری كوردی دەكات و پشتگیری تاران بۆ عێراق دووپات دەكاتەوە.

موسەوی، كە پێشتر لە باڵیۆزخانەی ئێران لە جەزائیر كاری كردووە، زۆرجار لە میدیا عەرەبییەكان دەردەكەوێت، ئەمجارە راشكاوانە قسەی بۆ 964 كرد و پێی وایە، كۆماری ئیسلامی ئێران هەژموونی بەسەر عێراقەوە نییە، بەڵكو هاوكاری لە نێوانیاندا هەیە.

هەروەها ئەو وەك ئێرانییەك دەڵێت، “لە قەیران و كارەساتەكاندا دەستی یارمەتیمان بۆ گەلی عێراق درێژكردووە، كە دوژمنی هەردوو وڵاتەكە بەسەریاندا سەپاندوویانە، تەنیا ئێران پشت و پەنایان بووە و بەردەوامیش دەبین لە هاوكاریكردنیان”.

“تێكەڵاوییەك لە رووی كۆمەڵایەتی و ئایینی و ئەمنی و سیاسییەوە، لە نێوان هەردوو گەلی عێراق و ئێران دا هەیە، ئەوانەشی هەژموونیان بەسەر عێراقدا هەیە، ئەمریكا و بەریتانیا و توركیان، لەگەڵ هەندێك لە وڵاتانی كەنداو”، ئەمیر موسەوی وادەڵێت.

964 پرسیاری زۆری ئاراستەی موسەوی كرد، بەڵام ئەو بە كورتی وەڵامی هەندێكیانی دایەوە، دەشڵێت، ئێران هەژموونی بەسەر عێراقدا نییە، بەڵكو ئێران پاڵپشت و پشتیوان و پارێزەری عێراقە و بەڵگەكانیش زۆرن.

ئەو قسانەی ئەمیر موسەوی بۆ 964، لە كاتێكدایە و وەك وەڵامێكە بۆ ستیڤن ڤاگن، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، كە هۆشداریی دابووە بەرپرسانی باڵای عێراق، لە دژی پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی بوەستنەوە و لەمبارەیەوە وتی، تێپەڕاندنی یاساکە بەهێزکردنی هەژموونی ئێرانە و هەڕەشەیە بۆ سەروەریی خاکی عێراق.