لە مەرزەکانی تر بەردەوامە

چلەی ئیمام حوسێن ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە مەرزی مونزرییەی راگرت

شۆڕش قادری

لەگەڵ دەستپێکردنی هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ بەشداریکردنیان لە چلەی ئیمام حوسێن، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە مەرزی مونزرییە راگیرا، بەڵام لە مەرزەکانی تر بەردەوامە.

ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لەزاری حوجەتوڵا چاوشی بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان لەدیوی ئێرانەوە، بڵاویکردووتەوە، بەمەبەستی ئاسانکاری بۆ زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی نێودەوڵەتی مونزرییە لە دوێنێوە راگیراوە و تا 17ـی ئەم مانگەش ناکرێتەوە، لەبری ئەو مەرزە لە مەرزەکانی پەروێزخان و سومار ئەنجام دەدرێت.

سەبارەت بەو بابەتە 964 پەویوەندیکرد بە هەریەکە لە سیروان حوسێن وتەبێژی دەروازەی نێودەوەڵەتی حاجی ئۆمەران و شاخەوان ئەبوبەکر بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، ئەوان وتیان، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە مەرزەکانی ئەوان هەروەک رۆژانی دیکە ئاساییە و نەوەستاوە، هاتنی زیارەتکارانی شیعەش بەردەوامە.