"گرنگییەکی ستراتیژی هەیە"
زیاتر لە %85ـی کارەکانی رێگەی دووانزە ئیمام – قەرەبڵاغ تەواو بووە
ژێوار خدر
کارکردن لە پڕۆژەی دروستکردنی رێگەی قیرتاوی دووانزە ئیمام – قەرەبڵاغ بە درێژیی 24 کیلۆمەتر بەردەوامە و تا ئێستا زیاتر لە %85ـی کارەکانی تەواو بووە.
بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی گەرمیان رایگەیاند، ئەم رێگەیە گرنگییەکی ستراتیژی هەیە و ناحیەی کۆکس بە شاری کفرییەوە دەبەستێتەوە، کە لە رووی کارگێڕییەوە ناحیەکە سەر بە قەزای کفرییە.
دەشڵێت، بەهۆی نەبوونی رێگەیەکی گونجاوەوە، ئێستا دانیشتووانی ناحیەی کۆکس ناچارن رێگەیەکی دوورودرێژ بە ناو شاری کەلار و ناحیەکانی رزگاری و سەرقەڵادا ببڕن تا دەگەنە کفری.
روونیشیکردووەتە، جگە لەوەی ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی نێوان کۆکس و کفری دەکات، هەر یەک لە گوندەکانی، دووانزە ئیمام، رەحیم وەرقە، سەید حسێن، چەتاڵ، ئاوایی سالم، یڵانجی، پیرە فەقیرە، کوێخا حەسەن، قەرەبڵاغ، شێخ لەنگەر و بان ئاسیاو و چەند گوندێکی دیکەش لە پڕۆژەکە سوودمەند دەبن.
پڕۆژەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی گەرمیانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بڕی شەش ملیار و 951 ملیۆن و 398 هەزار دینار جێبەجێ دەکرێت و چاوەڕوان دەکرێت ببێتە هۆی بوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵی ناوچەکە.