له ئه‌ڵمانیا هه‌فتەیه‌ك به‌رده‌وام ده‌بێت
پێڵاوى به‌جێماوى ئاواره ئێزدییه‌كان له پێشانگایه‌ك نمایش كران
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له ئه‌ڵمانیا شێوه‌كارێكی كوردى ئێزدی ئه‌و پێڵاوانه‌ى له پێشانگایه‌كدا نمایش كرد كه زیاتر له سێ مانگ له‌مه‌وبه‌ر له چیاى شنگال كۆیكردبووه‌نه‌وه و ئه‌مڕۆش به‌بۆنه‌ى 11 هه‌مین ساڵیادى كۆمه‌ڵكوژى ئێزدییه‌كان ئه‌م پێشانگایه‌ى كرده‌وه.
پێشانگاكه شێوه‌كارییه و ماوه‌یه‌ك هه‌فته‌یه‌ك له شاری گۆسلاى ئه‌ڵمانیا به‌رده‌وام ده‌بێت.
قاسم شه‌رقی، شێوه‌كار له گرته ڤیدیۆیه‌كه تایبه‌ت به 964 ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، ئه‌مڕۆ دواى سێ مانگ له كۆكردنه‌وه‌ى پێڵاوه‌كان له شنگال و كاركردنى هونه‌رى له ئه‌ڵمانیا توانى پێشانگاكه بكاته‌وه.
وتیشی “ئه‌مڕۆ له‌یه‌كه‌مین رۆژدا خه‌ڵكێكی زۆرى بیانى سه‌ردانى پێشانگاكه‌یان كردووه و منیش دڵخۆشم، كه توانیم به‌م شێوازه موعاناتى هاوڵاتی ئێزدى به هونه‌ر ده‌خه‌مه‌ڕوو”.
وه‌ك خۆى ده‌لًَێت، ئه‌ندامى سه‌ندیكاى هونه‌رمه‌ندانى ئه‌ڵمانیایه و تا ئێستاش چه‌ندین پێشانگاى تایبه‌تى و هاوبه‌شی له‌و وڵاته و وڵاتانى دیكەی ئه‌وروپا كردووه‌ته‌وه و به ئومێدیشه ئه‌م پێشانگایه‌ى ئێستاى له چه‌ند شارێكى ئه‌ڵمانیا و وڵاتانى ئه‌وروپا بكاته‌وه.
له نیسانى ئه‌مساڵ، ئه‌م شێوه‌كاره ئێزدییه دواى 15 ساڵ له ئه‌ڵمانیاوه گه‌ڕایه‌وه شنگال، له‌وێ بیرۆكه‌ى كۆكردنه‌وه‌ى ئه‌و پێڵاوانه‌ى بۆ دروست بوو، كه له ساڵى 2014 ـه‌وه له‌و خێزانه ئاواره ئێزدییانه به‌جێمابوون، كه له ترسی داعش رایانكردبووه سه‌ر چیاى شنگال.