6 مانگە ناوەکانیان لە وەزارەتی تەندروستییە

شەش مانگە چاوەڕێی یەک ئیمزان

964+

محەمەد عومەر – هەڵەبجە

شەش مانگ پێش ئێستا سیڤی 130 دەرچووی دانەمەزراو لەلایەن تەندروستیی هەڵەبجەوە رەوانەی وەزارەتی تەندروستی کراوە بۆ دامەزراندن، بەڵام تا ئێستا واژۆیان بۆ نەکراوە.

رۆژی 31.8.2022 بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە دامەزراندنی 130 کەسی بەشێوەی گرێبەست راگەیاند، بەڵام تا ئێستا رەزامەندییەکەیان لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە نەگەڕاوەتەوە.

هێمن حەسەن، نوێنەری دەرچووە دانەمەزراوەکان بۆ تۆڕی 964ی روونکردەوە، چارەنووسیان نازانن بڕیارەکە هەڵوەشێندراوەتەوە یان ماوە، داوای روونکردنەوە دەکەن. 

تۆڕی 964 لە تەندروستی هەڵەبجەوە دەزانێت، 30 کەس لە دانەمەزراوەکان زانیارییەکانیان بە هەڵە پڕ کردووەتەوە و دوورخراونەتەوە و کەسی نوێ خراوەتە شوێنیان.

هاوکات دواکەوتنی گەڕانەوەی رەزامەندی وەزارەتی تەندروستیش بەمەبەستی وردبینیی زیاترە، بە قسەی بەرپرسان.

د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە بەتۆڕی 964ی وت “ئێمەش چاوەڕێی گەڕانەوەی رەزامەندی دامەزراندنی ئەو 130 کەسەین”.