"پێمانوتراوە تا یەکشەممە کێشەکەتان چارەسەر نابێ"

گوندی باداوانی ناحیەی خەلەكان ئەمشەو بە تاریکی بەڕێدەکەن

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

بەهۆی سوتانی محاویلەی كارەباكەیانەوە، لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینییەوە دانیشتووانی گوندی باداوانی سەر بە ناحیەی خەلەكان بێ كارەبان و بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، لەسەر هێڵین و هەوڵدەدەن هەرچی زووە كێشەكەیان بۆ چارەسەر بكەن.

فەرهەنگ تاهیر، ئەنجومەنی گوندی باداوانە و بە 964ـی وت، “لە كاتژمێر 3ـی دوانیوەڕۆوە بێ كارەباین، تیمێكی خەفەر پاش گەڕانێكی زۆر بۆیان دەركەوت محاویلەی گوندەكەمان سووتاوە، بێ هیوایان كردین لە گەڕانەوەی كارەباكەمان و پێیانوتین تاوەكو یەكشەممە و دەوامی فەرمی ناتوانین محاویلەكەتان بۆ بگۆڕین”.

دەشڵێت، “جگە لەوەی بێ كارەبایی لەم گەرمای هاوینە دەبێتە گرفت بۆ گوندەكەمان و دانیشتوانەكەی، سەرباری ئەوەش گرفتی بێ ئاویمان بۆ دروست دەبێت، چونكە هەموو ماڵەكان لەڕێگەی بیرەوە ئاو دابین دەكەن و لەرێگەی ئێوەوە داواش دەكەین زوو بۆمان چارەسەر بكەن”.

سەبارەت بەو بابەتە 964 پەیوەندیکرد بە كامەران عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەكان، ئەو وتی، “ئەوكاتەی كە ئێمەیان لە گرفتەكە ئاگاداركردەوە دەستبەجێ تیمێكی كارەبامان ناردووە و كێشەكەیان دەستنیشان كردووە، بەڵام درەنگ كەوتن لە پشكنین و دیاریكردنی گرفتەكە، لەبەرئەوە نەتوانرا بەشەو گرفتەكەیان بۆ چارەسەر بكرێت”.

وەك باسیشی دەكات، پێویستە جارێكی دیكە پشكنین بۆ محاویلەكە بكەنەوە، چونكە ئەو تیمەی كە چوونەتە سەر حاڵەتەكە، پسپۆڕ نەبوون و ئەمڕۆ هەینی بووە و پشوو بووە، تەنیا تیمی خەفەر لەدەوام بوون.

“ئێمە دەزانین گوندەكە ئاوی خواردنەوەی لەسەر بیرەكانە و پێوستی زۆریان بەكارەبای نیشتیمانییە، لەهەوڵداین هەرچی زووە گرفتەكە چارەسەر بكەین، سەرەتا لەرێگەی كارەبای دوكانەوە و دواتریش بەڕێوەبەرایەتی گشتی لە سلێمانی، هەر نەبوو دەبێ محاویلەیەكیان بۆ بكڕین و دڵنیایی دەدەین تا سبەی شەو كارەبای نیشتیمانیان بۆ بگەڕێنینەوە”، کامەران عەبدوڵا ئەمەشی وت.

گوندی باداوان 55 ماڵە و ژمارەی دانیشتووانەكەی نزیكەی 300 كەسە و سەر بە ناحیەی خەلەكانی قەزای دوكانە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

خەڵکی خەلەکان خێمەیان هەڵداوە و رێگا بە یەک بارهەڵگر ن...

خەڵکی خەلەکان خێمەیان هەڵداوە و رێگا بە یەک بارهەڵگر نادەن تێپەڕێت