خەبات

تەرمى گەنجێک بە خنکاوى دۆزرایەوە؛ هیچ ناسنامەیەکى پێ نییە

وریا فەتاح

بەرگریى شارستانیى هەولێر، لەنزیک پردى نوێى خەبات، تەرمى گەنجێکیان دۆزیوەتەوە کە هیچ ناسنامەیەکى پێ نییە.

بەپێى راگەیەندراوێکى بەرگریی شارستانیى هەولێر، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، کاتژمێر 1:50 خولەک، لەلایەن بنکەی پۆلیسی خەبات ئاگادار کراونەتەوە لە بوونی تەرمێکی سەرئاوکەوتوو، لە نزیک پردی نوێی خەبات.

دەشڵێت: هەرزوو تیمى رزگارکردنى جێگیر گەیشتوونەتە شوێنەکە و توانراوە تەرمەکە دەربهێننەوە و رەوانەى پزیشکى دادى هەولێرى بکەن.

گەنجەکە لە رەگەزى نێرە و تەمەنى لە نێوان 24 بۆ 25 ساڵانە و هیچ جۆرە ناسنامەیەکى ناسینەوەى پێ نییە.