بازرگانەکە کێیە؟

سۆمۆ: ژمارەیەک تانکەر بە قاچاخ نەوت دەگوازنەوە

964+

ژووری هەواڵ

كۆمپانیای به‌بازاڕكردنی نه‌وت له‌ عێراق (سۆمۆ)، ژمارەیەک تانکەری دەستنیشانکردووە کە گومانیان لێدەکرێت بەرهەمە نەوتییەکان بەشێوەیەکی نایاسایی لە بەندەرەکانی ئوم قەسر و خۆر زوبەیرەوە بگوازنەوە، کۆمپانیاکە ئەم گومانەی بە لایەنە ئەمنییەکان راگەیاندووە.

بەگوێرەی نامەیەکی سۆمۆ کە وردەکارییەکەی لەلایەن ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی تانکەرە گوماناوییەکان 11 دانە بوون، “تەکنیکی پێشکەوتوویان بۆ ساختەکردن و تێپەڕاندنی سیستمی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکی بەکارهێناوە بۆ شاردنەوەی شوێنەکانیان و گۆڕینی رێگەکانیان”.

کۆمپانیای سۆمۆ رایگەیاندووە، ناو و ناسنامەی تانکەرەکان لە خشتەی فەرمی بارکردنی کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت تۆمار نەکراوە و “ئەمەش جێگەی نیگەرانییە”.

سۆمۆ لە نامەیەکدا کە ئاراستەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراقی کردووە، دەڵێت: “ئەم چالاکییانە بە مەترسیدار پۆلێن کراون و گومان دەکرێت کاری نایاسایی ئەنجامدرابێت وەک دەستکاریکردنی سیستمی بەدواداچوون یان گواستنەوەی بێ مۆڵەت”.

ئاژانسی رۆیتەرز نووسیویەتی، دوو بەرپرس لە وەزارەتی نەوتی عێراق و بەرپرسێکی کۆمپانیای سۆمۆ راستی نووسراوەکەیان پشتڕاستکردەوە.

بەندەری ئوم قەسر گەورەترین بەندەری عێراقە و دەکەوێتە پارێزگای بەسرە لە باشووری عێراق لە ناوچەی ئوم قەسر لە نزیک سنووری عێراق و کوێت، بەندەری خۆر زوبەیریش لە نزیک بەندەری ئوم قەسر هەڵکەوتووە.

سەرەتای ئەم مانگە نووسینگەی چاودێریکردنی داهاتە بیانییەکانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، رێکاریان گرتووەتە بەر بۆ سزادانی ژمارەیەک تۆڕی بازرگانی کە تۆمەتباران بە گواستنەوە و فرۆشتنی نەوتی ئێران بە شێوەیەکی نایاسایی، لەناویاندا بارزگانێکی عێراقییە بەناوی سەلیم ئەحمەد سەعید، کە نەوتی ئێرانی تێکەڵ بە نەوتی عێراق کردووە تا بە شێوەیەکی نایاسایی بیفرۆشێت.

عێراق: سۆمۆ رێگەی دیکە بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم دەدۆزێت...

عێراق: سۆمۆ رێگەی دیکە بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم دەدۆزێتەوە