دۆناڵد ترەمپ:

“خواردن دەگەیەنینە منداڵانی غەززە”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی هەموو بەربەستەکانی غەززە لادەبات و کاردەکات بۆ گەیاندنی خۆراک بە منداڵانی شارەكە.

ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ کیێر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، وتی: خەڵکی غەززە خواردن لە چەند کیلۆمەترێک دوورەوە دەبینن و ناتوانن پێی بگەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، “کار دەکەین بۆ دامەزراندنی سەنتەری خۆراک لە کەرتی غەززە، ئێمەش پارە دابین دەکەین، وڵاتانێکیش هەن کە لەگەڵمان دەبن”.

سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، “هیوادارین خۆراک بگاتە ئەو کەسانەی کە لە کەرتی غەززە پێویستیان پێیەتی، ناوەندەکانی دابەشکردنی خۆراک لە غەززە بەبێ سنووردارکردن بەڕووی دانیشتوواندا کراوە دەبن”.

سەبارەت بە شەڕی روسیا و ئۆكراینایش، ترەمپ رایگەیاند، وادەی 10 بۆ 12 رۆژ دیاریی دەكات، بۆ ئەوەی روسیا کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت و ئاگربەست رابگەیەنێت.

لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ستارمەر دووپاتی کردەوە کە “وێنەی منداڵانی برسی لە کەرتی غەززە ترسناکن”.

ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە هەوڵی وڵاتانی دیکەش کۆبکەینەوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە.

"بڕیارێکى ترەمپ 14 ملیۆن برسى دەکوژێت"