چوارڕیانێکی هەولێر کرایە دووڕیان
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لە هەولێر رێگەیەکی چوارڕیانی کرایە دووڕیان، هاتوچۆی شارەکە دەڵێت چوارڕیانەکە لە بری کەمکردنەوەی جەنجاڵی لە شەقامەکان قەرەباڵغی دروستکردبوو، بۆیە دوو رێگەمان کەمکردەوە.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر رۆژی یەکشەممە بەرواری 19.2.2023 رایگەیاند، بەمەبەستی کەمکردنەوەی جەنجاڵی و قەرەباڵغی لەسەر شەقامی 40 مەتری برایەتی، چوارڕیانی پیرەمێرد ناسراو بە خۆشناو کرایە دووڕیان.
“لە جیاتی دوو رێگاکەی دیکە، کە داخران، شوفێرانی بەڕێز دەتوانن ترافیکی رزگاری و شوێن پێچی نێوان کۆک و چوارڕیانی پیرەمێردی پێشوو بەکاربهێنن،” هاتوچۆی هەولێر وا دەڵێت.
شەقامی 40 مەتری لە هەولێر یەکێکە لە شەقامە سەرەکییەکان، کە هەردوو شەقامی 30 مەتری و 60 مەتری بەیەکەوە گرێدەدات.
پێشتریش لە بەرواری 5.2.2023، بەهۆی راکێشانی بۆری زێراب، بەشێک لە شەقامی 40 مەتری بەرامبەر مزگەوتی سەفا و مەڕوا لە هەولێر بە شێوەیەکی کاتی داخرا.