لەبری ٣٠ هەزار دارە بڕاوەکە ٥ هەزار دەڕوێنن
زەرەر لەنیوەی بگەڕێتەوە قازانجە
میدیازان – زۆزک باڵەکی – چۆمان
ئەم دووساڵە، ساڵی بڕینەوەی دار بووە لە چۆمان، نزیکەی ٣٠ هەزار داری بەڕوو بڕاونەتەوە، ئێستا چۆمانییەکان بەچاندنی پێنج هەزار داریا قەرەربووی دەکەنەوە.
ساڵی پار دە هەزار دارو ئەمساڵ ١٥ بۆ ٢٠ هەزار داربەڕوو بڕاونەتەوە، بەو بنەمایەی زەرەر لەنیوەی بگەڕێتەوە قازانجە، خەڵکی چۆمان هەڵمەتی چاندنی پێنج هەزار داربەڕوویان راگەیاندووە.
پێشەوا مەحمود، لەبەشی ژینگەیی ناوەندی كەلتوری چۆمان بە میدیازانی راگەیاند دوو رۆژە دەستکراوە بە چاندنی پێنج هەزار داری بەڕوو، بەپێی پلانیش بێت دەبێت رۆژی دووشەممە، چاندنی پێنج هەزار دار بەڕووەکە کۆتایی بێت.
“ئەمساڵ `٥ بۆ ٢٠ هەزار دار بڕاوەتەوە”
“ئەمساڵ زیاتر لە ١٥ بۆ ٢٠ هەزار دار بەڕوو بڕاوەتەوە، بەراورد بە ساڵی رابردوو بڕینەوەی دار بەڕووەکە دوو هێندە زیادی کردووە کە پارساڵ زیاتر لە ١٠ هەزار دار بەڕوو بڕا بووەوە”. پێشەوا وادەڵێ، هۆکاری بڕینەوەی دار بەڕوو بە دیاریکراوی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە خێرا وشک دەبێتەوەو بۆ سووتان و خۆگەرم کردنەوە زۆر باشە.
باڵەکایەتی، ناوچەیەکی فراوانی دارستانی سروشتی لێیە کە زۆرینەی دارەکانی داری بەڕووە، ئەو دارانەشی کە بڕاوەتەوە هەیانە تەمەنی دەگاتە ١٠٠ ساڵ.
ئەو هەڵمەتەی چاندنی پێنج هەزار داری بەڕوو لەلایەن ناوەندی کەلتوری چۆمان، بەهاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی فاوندەیشنی ڕووەكی كوردستان و زانكۆی ئەمریكی/ سلێمانی و رێكخراوی پارێزگاریكردن لە باخچە رووەكیەكانی جیهانە.
پێشەوا مەحمود دەڵێ، بەهیواین بتوانین ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو زۆرترین رووبەری ئەو دارستانانە سوتاوە سەوز بكەینەوە.
داری بەڕوو چەندین جۆری هەیە، دیارترینیان بەڕووی سپی، بەڕووی سوور، بەڕووی ئینگلیزی، بەڕووی پاشایی، بەڕووی کەستانائی و بەڕووی لوبنانی.
بەگشتی داری بەڕوو، بەرزییەکەی دەگاتە ٣٠ مەترو تەمەنیشی قسەی جیاوازی لەسەر دەکرێت و، هەندێک دەڵێن لە نێوان ٢٠٠ بۆ ٤٠٠ ساڵەو هەندێکی تریش دەڵێن ٥٠٠ بۆ دوو هەزار ساڵە.
بەڕوو، گەشەیەکی لەسەرخۆی هەیەو تا نەگاتە تەمەنی ٢٠ ساڵی بەر ناگرێ و بەرەکەشی هەیە تامی شیرینەو هەشیانە تفت و تاڵە.