"گەشتیارن و لە هاوینەهەواری دوکان ماونەتەوە"

لە سلێمانی چوار کەس بە رۆژی رووناک ئاڵتونیان دزی؛ دەستگیر کران

شۆڕش قادری

لە سلێمانی چوار کەس زەفەریان بە زەڕەنگەرەکان برد و بە رۆژی رووناک ئاڵتۆنیان لێ دزین، پۆلیس دۆزینیەوە و دەستگیری کردن.

“دوای ئەوەی چەند خاوەن دوکانێکی زەڕەنگەر لە نوسینگەی ناوبازاڕی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان سكاڵایان تۆماركرد كە دزیانلێکراوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواچوونەكانیان دەستپێكرد و توانیان تۆمەتباران بدۆزنەوە و دەستگیریان بکەن”، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا وادەڵێت.

لەکاتی دەستگیرکردنیاندا، دەستگیراوە بەسەر بڕێک لەو ئاڵتونەی کە تۆمەتباران دزیویانە، هەروەها دەستگیراوە بەسەر ئوتۆمبێلێکدا کە بە تۆمەتباران بووە.

هەر بەقسەی پۆلیسی سلێمانی، “تۆمەتباران بە نەتەوە عەرەبن، چەند رۆژێکە وەکو گەشتیار هاتوونەتە هاوینەهەواری دوکان و لەوێ ماونەتەوە، رۆژانە هاتونەتە ناو بازاڕی شاری سلێمانی و بەبیانوی کڕینی ئاڵتون چوونەتە چەند دوکانێکی زەڕەنگەریی و لەکاتی مەشغوڵبوونی خاوەن دوکانەکان ئاڵتونیان دزیوە”.

لەئێستادا تۆمەتباران بەناوەکانی (أ، هـ، م – أ، هـ، م – م، ی، م – ع، م، ع) بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددەی 446 لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراون.