کوێستانەکەش بوو بە گەرمیان
پێنجوێن حەوت ساڵە گەرمای وای بەخۆیەوە نەدیوە
+964
کامیار کەمال- پێنجوێن
ئەمڕۆ کەش و هەوای پێنجوێن نائاسایی گەرم بووە و بەرزترین پلەی گەرمای تۆمارکرد لە مێژووی کەشناسی قەزاکە.
بەهادین حەسەن لێپرسراوی کەشناسی پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پلەی گەرما نائاسایی بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 39پلەی سلیزی و دوای نیوەڕۆش گەیشتوەتە 44پلەی سیلیزی.
وتیشی، لە رۆژی 11.7.2018 گەرمترین پلەی گەرما تۆمارکراوە کە 42.8بووە و لەو رۆژە تا ئەمڕۆ ئەو پلە گەرمییە تێنەپەڕیوە، بەڵام ئەمڕۆ ئەو پلەیە تێپەڕێندراوە کە 44پلەیە
باسی لەوەشكرد، ئەو حاڵەتەی پێش نیوەڕۆ روویداوە زۆر نامۆ بووە بە قەزای پێنجوێن چونکە پێنجوێن ناوچەیەکی شاخاویە و دارودرەختی زۆرە و بەرزیشە لە ئاستی رووی دەریاوە و ئەوەش وای کردووە هەڵکەوتەی قەزاکە وابێت کە لە هاویندا کەش و هەوا فێنک بێت.
“دەبێت جوتیاران ئاگاداربن، چونکە پلەی گەرمای ئەمڕۆ زۆر بەرزبووە و ئەوەش زیان دەگەیەنێت بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان” بەهادین حەسەن وای وت.
بەهادین حەسەن ئەوەشی خستەروو، لە ساڵانی 2008- 2009دا کە وشکەساڵی بووە، لە دواینیوەڕۆشدا پلەی گەرما هێندە بەرزنەبوەتەوە.
ئەمساڵ کەشناسی قەزاکە، بۆ سێهەم ساڵ وشکەساڵی راگەیاند لە قەزای پێنجوێندا.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر