شوقەکانی کرێنشینانی هەولێر - فۆتۆ راگەیاندنی پارێزگای هەولێر
چاوەڕوانى کەمدەرامەت و کرێنشینان درێژ دەبێتەوە
ناوى خێزانە سودمەندبووەکانى وەرگرتنى یەکە نیشتەجێبووەکان بڵاوناکرێتەوە
964+
وریا فەتاح
هەرچەندە بڕیاربوو سبەینێ ناوى نۆ هەزار خێزانى کەمدەرامەت و کرێنشین بۆ وەرگرتنى یەکەى نیشتەجێبوون رابگەیەندرێت، بەڵام راگەیەندراوێکى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە چاوەڕوانى کەمدەرامەتانى درێژکردەوە و دەڵێت، سبەینێ راناگەیەندرێت.
وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند، لەسەر داوای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بۆ هەنگاونانی باشتر و لەپێناو تەواوکردنی زۆرترین یەکەی نیشتەجێبون بەتایبەت ئەوانەی نزیکن لە تەواوبون، ئاشکراکردنی ناوی خێزانە سودمەندبوەکان بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبون کە بڕیاربو سبەینێ 24.7.2055 رابگەیەنرێت، بۆ ماوەیەکی کورتخایەن دوادەخرێت.
وەزارەتەکە، هاوڵاتیان دڵنیادەکاتەوە کە لە هەوڵدان زۆرترین یەکەی نیشتەجێبون ئەوانەی کارکردن تیایاندا بەردەوامە، کارەکانیان تەواوبکرێت و زۆرترین خێزان سودمەندبن، بۆ ئەو مەبەستەش پرۆسەی دابەشکردنی یەکەکان کە لەچوارچێوەی یاسای وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن دروستکراون، لەئایندەیەکی نزیکدا ئەنجامدەدرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوای تەواوکردنی سەرجەم رێکارەکان، بڕیار بوو سبەینێ پێنجشەممە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەشێوەکی فەرمی یەکەکانی نیشتەجێبون دابەش دەکات و ناوی سودمەندبوان رادەگەیەنرێت.
وەک ئەوەى وەزارەتەکە ئاشکراى کردووە، ژمارەی یەکەکان زیاتر لە نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبونە لەسەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان، بەشێکیان لە قۆناغی کۆتاییدان و بەشێکیان کارکردن تیایاندا بەردەوامە.
یەکەکانى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە بەم شێوەیە بەسەر شارو ناوچەکانى کوردستان دابەشکراون :
هەولێر، یەک هەزار و 356 یەکەى نیشتەجێبوون
سلێمانی: 3 هەزار و 876 یەکەى نیشتەجێبوون
دهۆک: 2 هەزار و 116 یەکە
هەڵەبجە: 192 یەکە
ئیدارەى سەربەخۆرى راپەڕین: 420 یەکە
ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان: 360 یەکە
ئیدارەى سەربەخۆى سۆران: 360 یەکە
ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ: 324 یەکە