مۆنۆمێنتی هەڵەبجە - وێنە: 964
"کۆتا بەربەست نەما"
دادگای فیدراڵی دوو سکاڵای دژی پارێزگابوونی هەڵەبجە رەتکردەوە
964+
ژووری هەواڵ
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەو دوو سکاڵایەی رەتکردەوە کە دژی بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تۆمارکرابوون.
ئەمڕۆ سێشەممە 22.7.2025، دادگای فیدراڵی عێراق لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی بڵاویكردەوە، دوو سكاڵای پەیوەندیداری بە یاسای هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجە رەتكردەوە کە باسیان لە نایاساییبوونی ئەو بڕیارە کردووە.
لەبارەی رەتکردنەوەی سکاڵاکان، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند، “کۆتا بەربەستی بەردەم یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تێپەڕی و دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری لە بەرژەوەندی پارێزگای هەڵەبجە داو داوا دژەکان رەتکرانەوە”.
سكاڵای یەكەمیان لە دژی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و جێگرەكانی تۆمار كرابوو، داوا كرابوو كە رێگەكانی دەركردنی (یاسای هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجە) و دەنگدان لەسەر یاساكە بە نایاسایی دابنرێت و فەرمانی سالاری دەربكرێت بۆ راگرتنی جێبەجێكردنی یاساكە.
لە سكاڵای دووەمیشدا داواكرابوو كە مەرسوومەكەی سەرکكۆمار تایبەت بە هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجە كە لە رۆژی 29.4.2025 دەریكردبوو، بە نادروست هەژمار بکرێت و فەرمانی سالاریش بۆ راگرتنی مەرسوومەكە دەربكرێت.
رۆژی 14ـی نیسانی 2025 پەرلەمانی عێراق، بە ئامادەبوونى 187 ئەندام پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی پەسندکرد.