100 مەترییەکە زۆرى نەماوە
سلێمانى؛ شەقامى بەردەم تونێلى پێشڕەو کرایەوە
وریا فەتاح
شەقامى دوو سایدى بەردەم تونێلى پێشڕەو بۆ هەوارى شار کرایەوە و لەمڕۆوە شۆفێران دەتوانن بەکارى بهێنن، جێگرى پارێزگارى سلێمانیش لەبارەى تەواوبوونى شەقامى 100 مەترى، هەواڵى خۆشى پێیە.
ئەمڕۆ سێشەممە، کارەکانى پڕۆژەى دووسایدى بەردەم تونێلى پێشڕەو بۆ هەوارى شار کرایەوە و لەمڕۆوە شۆفێران دەتوانن بەکارى بهێنن.
دلێر کەمال، بەرپرسى راگەیاندنى کۆمپانیاى قەیوان بە 964ـى وت،”کۆمپانیاکەیان بەشێوەیەکى ئەندازەیى و مۆدێرن و بە لەبەرچاوگرتنى سەختى رێگاکە و رەچاوکردنى وەرزى زستان، رێگاکەیان چاککردووەتەوە”.
وەک باسى دەکات، دروستکردنەکەى بەشێوەیەکە کە کۆتایى بەو هەموو رووداوە دڵتەزێنانە دەهێنێت کە پێشتر لەو رێگایە روویانداوە.
ئاشکراشى کرد، درێژى رێگاکە 1 کیلۆمەتر و نیوە و پانییەکەى 30 مەترە کە لە بەردەم تونێلى پێشڕەو بۆ شەقامى دوسایدى هەوارى شار دەستپێدەکات.
لاى خۆیەوە شاهۆ عوسمان، جێگرى پارێزگارى سلێمانى لە کۆنگرەى رۆژنامەوانى کردنەوەى شەقامەکە بە میدیاکانى راگەیاند، شەقامى 100 مەترسى سلێمانیش کارەکانى بە باشى دەڕوات و لە کۆتایى نزیک بووەتەوە و لە کاتى خۆیدا دەکرێتەوە.