باندێکى ساختەکار لە سێمێل

بەحساب ڤیزاى شنگنیان بۆ وەردەگرتن؛ کەچى قۆڵیان بڕین

964+
وریا فەتاح

پۆلیسى دهۆک دەستگیرکردنى دوو تۆمەتبارى راگەیاند کە بە بیانوى وەرگرتنى ڤیزاى شنگن پارەیان لە خەڵک دزیوە و قۆڵى چەند کەسێکیان بڕیوە.

هێمن سلێمان، وتەبێژى پۆلیسى دهۆک لە گرتەیەکى ڤیدیۆیدا دەستگیرکردنى باندێکى فێڵکردنى راگەیاند و دەڵێت: سێ مانگە پۆلیسى نەهێشتنى تاوانى سێمێڵ، چاودێر ئەو باندە دەکات کەفێڵ دەکەن و تاوان دەرهەق بە هاوڵاتیان دەکەن.

وەک ئەوەى باسى دەکات، ئەو کەسانە کە دوانیان لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون و ئەوەى تریش لە تورکیایە، هەڵساون بە دروستکردنى ئەکاونتێک لە ئیسنستاگرام و ریکلامى وەرگرتنى ڤیزاى شنگنیان کردووە.

روونیشى کردووەتەوە، چەند هاوڵاتییەک پەیوەندیان پێوە کردوون و ئەوانیش وتویانە بۆ وەرگرتنى ڤیزاى شنگن، پێویستە داواکار هەژمارى بانکى هەبێت، بەڵام تۆمەتبار بەهۆى شارەزایى لە ئایتى و خۆیشى وەک پارێزەر ناساندووە، بەفێڵ کۆدى هەژمارە بانکییەکەى لەو هاوڵاتیانە وەرگرتووە و هەریەکە و بە بڕى جیاواز حسابەکانیانى بەتاڵ کردووە.

“بە کۆى گشتى 63 ملیۆن دینارى حسابى بانکى ئەو هاوڵاتیانەیان بردووە کە هاوڵاتى دهۆک و خانکێ و میسرکێ و تەناهى و شاریاى تێدا بووە”، وتەبێژى پۆلیسى دهۆک وا دەڵێت.

ئاشکراشى دەکات، یەکێک لەو دوو کەسەى دەستگیرکراوە شۆفێرى تاکسیە و هاتوچۆى بە کەسەکەى تر کردووە، سەرەتا لە فێڵەکە بەشدار نەبووە، بەڵام دواتر پێى زانیوە و بێدەنگى لێکردووە.