كه‌متر له‌ دوو كیلۆمه‌تره‌ و سێ ساڵه‌ خه‌ریكن

400 رۆژه‌كه‌ى دووسایدی قشڵەی کۆیە دەبێتە 1000 رۆژ و هه‌ر ته‌واو نه‌كراوه‌

964+
دەریا ئەحمەد – کۆیە

له‌كۆیه‌، پرۆژه‌ى دووسایدی قشڵەی له‌ هه‌زار رۆژ نزیكده‌بێته‌وه‌ و تاوه‌كو ئێستاش ته‌واو نه‌كراوه‌، هاوڵاتیه‌كیش ده‌ڵێت، ته‌واونه‌كردنه‌كه‌ى زسانێكی زۆرى به‌ كاسبكارانى سه‌ر دووسایده‌كه‌ گه‌یاندووه‌.
پڕۆژەی دووسایده‌كه‌، پڕۆژەیەکی شارەوانی كۆیه‌یه‌، لە کتێبخانەی گشتی ده‌ستپێده‌كات تاوه‌كو ده‌گاته‌ فلکەی سەوز، رۆژى 18.10.2022 کارکردن لە شەقامەکە دەستیپێکرد، بڕیاربوو لەماوەی 400 رۆژ ته‌واو بكرێت.

ئاسۆ رەسوڵ، شۆفێر و کاسبکارێكە لەسەر شەقامەكه‌ بە 964ـی وت، ماوە ماوه‌ کار لە شەقامەکە دەکەن و دواتر جێیدێڵن، تا ئەوکاتەی شەقامەکە یەک ساید بوو باشتر بوو، كه‌چی ئێستا رووداوی هاتوچۆشی تێدا زۆربووە، ئێوارانیش قەرەباڵغیەکی زۆر دروست دەبێت.

وتیشی “ته‌واونه‌كردنى ئه‌و شه‌قامه‌ زیانێكی زۆرى به‌ كاسبكاران و شۆفێران گه‌یاندووه‌”.

لایخۆشییه‌وه‌، ئەندازیار محەمەد میرحاج، سەرۆکی شارەوانی کۆیە بە 964ـی وت، تەرخان نەکردنی پارە، کارەکانی شەقامەکەی خاو کردووه‌تەوە، بەڵام کارەکانی بە تەواوی نەوەستاوە، بەپێی پارەی تەرخانکراو کۆمپانیاکە کاری تێدا دەکات کە ئەویش مافی خۆیەتی.

وتیشی “ئێستا جگە لە قیرەکە چەند کارێکی بچوکی ماوە، هەرکات پارەی پێویست تەرخانکرا، قیردەکرێت و شەقامەکە بە فەرمی دەکرێتەوە، بەڵام دیارنیە کەی ئەو پارەیە بەردەست دەبێت”.
پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن

شەقامی قشڵەی کۆیە بەهۆی ناڕێکییەکەی جارێکی تر نۆژەندە...

شەقامی قشڵەی کۆیە بەهۆی ناڕێکییەکەی جارێکی تر نۆژەندەکرێتەوە