بۆ خانەی 138 هەزار دینار

بەهای دینار بەرانبەر دۆلار چاوی لە بەرزبوونەوەی زیاترە

ئەحمەد مستەفا

“ئەم دوو هەفتەی لە بەردەممانە، کاریگەرە بۆ بەهای دیناری عێراقی و ئەگەر هەیە بە ئاڕاستەی بەرزبوونەوە نرخی نوێ بەرامبەر دۆلار تۆمار بکات و بۆ خانی 138 هەزار دینار دابەزێت” ئەم قسەی شیکەرەوەیەی ئابورییە.

ئەم رۆژانە 100 دۆلاری ئەمریکی بەرانبەر بووە بە 140 هەزار یان 141 هەزار دیناری عێراقی، پێشبینی ئەو شیکەرەوە لە کاتێکدایە رێژەی خستنەڕووی دۆلار بە نرخی فەڕمی زیادی کردووە.

بیلال رەئوف، شیکەرەوەی ئابووری بە 964ی وت، لەم هەفتەیە و هەفتەی ئایندە، نزمبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار پێشبینی کراوە، ئەوەش بەهۆی خستنەڕووی زیاتری دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە.

بەیانی ئەمڕۆ شەممە 19.7.2025 کاتێک بازاڕی دراو کرایەوە، نرخی 100 دۆلار، بەرامنبەر بوو بە 140 هەزار و 600 دینار لە سلێمانی، لە هەولێر هەمان بڕ بە 140 هەزار و 750 دینار و لە بەغدا 141 هەزار دینار بوو.

لە 27.2.2025 وە بانکی ناوەندی عێراق، ئاشکراکردن و بڵاوکردنەوەی بڕی خستنەڕووی دۆلاری راگرتووە، بەڵام کۆتا داتا دەڵێ، لە سەرووی 307 ملیۆن دۆلار کۆی گشتی خستنەڕووی بازاڕی رۆژانەیە بە نرخی فەڕمی، کە 132 هەزار دینارە بۆ هەر 100 دۆلارێک.

بەڕای شرۆڤەکاران یەکێک لە هۆیەکانی دیکەی بەرزبوونەوەی بەهای دینار، لە رابردوودا حەواڵەکردنی دۆلار بە نرخی فەرمی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە نزیکەی مانگێک کاتی پێویست بووە، بۆیە بازرگانان لە بازاڕەکاندا بە نرخی بەرزتر دۆلاریان کڕیوە، بەڵام ئێستا بە نزیکەی شەش رۆژ پارەکە وەردەگرن.