"ویستوویانە ناوچەیەکی گەشتیاری دروست بکەن"

پێنج کەس ژمارەیەک شۆڕەبی لاو و بەتەمەنیان بڕییەوە؛ دەستگیر کران

شۆڕش قادری

لە قەزای ماوەتـی سنووری شارباژێر لە پارێزگای سلێمانی، پێنج کەس بۆ بەرژەوەندی کەسیی خۆیان و دروستکردنی ناوچەیەکەی گەشتیاری، ژمارەیەک شۆڕەبی لاو و بەتەمەنیان بڕییەوە، پۆلیسی دارستان و ژینگە پێیزانی، قۆڵبەستی کردن.

هێمن کەمەرخان وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ـی وت، لە ئەنجامی گەڕانی مەفرەزەیەکی هاوبەشی نێوان بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ماوەت و یاریدەدەرێتی ئاسایشی قەزاکە، توانراوە پێنج هاوڵاتی بەتۆمەتی داربڕین لە سنوری گوندی یەردەشین دەستگیر بکرێن .

لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە ئەو سەرپێچیکارانە هەستاون بەبڕین و شکاندنی ژمارەیەک دار لەجۆری بی، لەگەڵ ئەوەشدا زەوییان بەشێوەی زیادەڕۆیی تەخت کردووە”، کەمەرخان وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانە ویستوویانە بەبێ مۆڵەت ناوچەیەکی گەشتیاری دروست بکەن.

وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی وتیشی، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەو کەیسە رێکخراوە  و بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی رادەستی دادوەری لێکۆڵینەوە کراوە.