دیمەنی یەكێك لە هێرشەكانی سەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان
رۆژانە نزیكەی 380 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن
كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێم باكیان بە درۆن نییە و ناكشێنەوە
964+
محەمەد فاتیح
كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان كە زۆربەیان سەر بە ئەپیكۆڕن رۆژانە نزیكەی 380 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن، بەڵام لەئێستادا بەهۆی بە ئامانج گرتنیانەوە بە درۆن بەرهەم هێنانیان راگرتووە.
سەرەڕای ئەوەی ئەو كۆمپانیانە زەرەروزیانێكی زۆریان پێ گەیشتووە و ترس و دڵەڕاوكێ لە ناویاندا بڵاوبووەتەوە، بەڵام كۆمپانییەكان و كارمەندەكانی، ئامادە نین هەرێمی كوردستان بەجێبهێڵن.
وریا حوسێن حەبیب سەرۆکى رێکخراوى دۆر بۆ زانیارى نەوتى کوردستان بە 964ـی وت، “بەشێكی زۆری ئەپیكۆڕ كۆمپانیای DNOیە و كێڵگە نەوتییەكانی شێخان HKN و خوڕمەڵەيه، ئەمانە كە زۆرینەی نەوتی هەرێمی كوردستان و لە سەروی 80% نەوتی هەرێم پێكدەهێنن، لەئێستادا بەهۆی بۆردومان كردنیانەوە راگیراون، كە بەرهەمی رۆژانەیان نزیكەی 380 هەزار بەرمیلە “.
“هێرشە درۆنییەكان زیانیان بە عەمباركردنی نەوت و كۆمەڵێك ئامێر گەیاندووە بە تایبەتی سەكۆكانی هەڵكەندنی بيره نەوت و هەندێكیان لەكاركەوتوون و هەندێكیان زیانیان بەركەوتووە”.
وریا حوسێن پێی وایە هیچ ستافێكی كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان ناكشێنەوە چونكە خۆیان قبولی ئەم بارودۆخەیان كردووە كە ئێستا رووبەڕووی نەوتی هەرێمی كوردستان دەبێتەوە، بۆیە بە بڕوای ئەو نەهیچ كۆمپانیاییەك و نەهیچ ستافێكی كۆمپانیاكان ناكشێنەوە.
ماوەیەكە هێرشی درۆنی بۆ سەر كۆمپانیا و كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و زەرەروزیانێكی زۆری پێ گەیاندوون و بەرهەم هێنانی نەوتیشیان راگرتووە.