بەبێ ئامرازەکانی خۆپاراستن مەلە مەکە

هیچ گەشتیارێك بۆی نییە بەبێ‌ جێبەجێكردنی رینماییەكان مەلە بكات

964+

محەمەد فاتیح

لەمەودوا گەشتیار و سەردانکارانی ناوچە گەشتیارییەکان بۆیان نییە بە ئارەزووی خۆیان مەلە بكەن، بەبێ‌ جیبەجێكردنی ئەو رێنماییانەی بڵاوكراونەتەوە.

بەپێی رێنماییەكان ئاوەکانی سنووری ناوچە شاخاوییەکان سارد و تیژڕەون بۆ مەلەکردن گونجاو نین و لە هەر بارودۆخێکدا پێویستیت بە هاوکاری بوو پەیوەندی بە ژمارە 115 بکە.

بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان گەشتیار و سەردانکارانی ناوچە گەشتیارییەکانى پەیوەست كردووە بە 10 رێنمایی لەبارەی مەلەکردن و دەبێت هەمووان پێوە پابەند بن.

رێنماییەکان:

1-  مەلەکردن لەو شوێنانەی گەشتیار شارەزایی لەسەر نییە زۆر مەترسیدارە.

2- ئەو شوێنانەی تابلۆی قەدەخەی لێ دانراوە گونجاو  نییە بۆ مەلەکردن.

3- لەو شوێنانە مەلە بکە کە قەرەباڵخە و کەسی مەلەزان و تیمەکانی بەرگری شارستانی لێیە.

4-بەبێ ئامرازەکانی خۆپاراستن مەلە مەکە وەک ( هێلەگ و چووپ هتد .. ) .

5- ئاوەکانی سنووری ناوچە شاخاوییەکان سارد و تیژڕەون بۆ مەلەکردن گونجاو نین.

6- ئاوی زێی گەورە، زێی بچووک قووڵی و تەنکاویان دیاریکراو نییە بەهۆی کارکردنی کارگەکانی دەرهێنانی قووم و چەگل ئاراستە و قووڵیيان گۆڕدراوە، بۆیە وریا بە لە هەموو شوێنێک مەلە مەکە.

7- بەهیچ شێوەیەک بەنداوەکان بۆ مەلەکردن شیاو نین.

8- یاریکردن و گاڵتەوگەپ لەنێو ئاو دەبێتە هۆی تەنگەنەفەسی و ماندووبوون و شڵەژان .

9- هیچ کات منداڵ لەگەڵ خۆت مەبە بۆ مەلەوانی، چونکە ژیانی لە مەترسیدا دەبێت.

10 – لە هەر بارودۆخێکدا پێویستیت بە هاوکاری بوو پەیوەندی بە ژمارە 115 بکە، بۆئەوەی بەزووترین کات تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەهاناتەوە بێن.

لە شوێنێكی قەدەغە مەلەی كرد و خنكا

لە شوێنێكی قەدەغە مەلەی كرد و خنكا