حكومه‌ت ئامارى جیاواز له‌باره‌ى كارگه‌ داخراوه‌كانى هه‌رێم بڵاوده‌كاته‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانى تۆڕى 964، ئامارى جیاجیا له‌باره‌ى كارگه‌ داخراوه‌كانى هه‌رێمی كوردستان بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، نوێترین دوو ئامارى حكومه‌تیش پێچه‌وانه‌ى یه‌كترن، یه‌كه‌میان ده‌ڵێ “نزیكه‌ى 600 كارگه‌ كارناكه‌ن” دووه‌میشیان ده‌ڵێ “له‌ چوار هه‌زار كارگه‌ نیوه‌ى زیاتریان به‌كار كه‌وتوون”.

كۆڤان جه‌لال، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى پیشه‌سازى له‌ وه‌زاره‌تى بازرگانى هه‌رێم، به‌تۆڕى 964ـى راگه‌یاند “له‌هه‌رێمی كوردستاندا، زیاتر له‌ چوار هه‌زارو 200 كارگه‌ لاى ئێمه‌ مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه‌،‌ پێشبینی ده‌كرێت تا 600 كارگه‌ كارنه‌كه‌ن”.

وتیشی “ته‌واوى ئه‌و كارگانه‌ كه‌رتى تایبه‌تن و كارگه‌ى سه‌ر به‌ حكومه‌ت نه‌ماوه”.‌

ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌، به‌شێك له‌و كارگانه‌ى كارناكه‌ن،‌ له‌ژێر دامه‌زراندن دان و به‌شێكیشیان مۆڵه‌تن و ئه‌وانه‌ى تریش له‌ته‌واوكردندان.

به‌ڵام به‌پێی ئامارێكی تریش كه‌ چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى بازرگانى هه‌رێم بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ده‌ڵێت “زیاتر لە چوار هەزار کارگە له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌ن، کە زۆرینەیان لەکار وەستاون، به‌ڵام کاردەکرێت بۆئه‌وه‌ى دووبارە بکەونەوە کار”.

ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌ له‌باره‌ى كارگه‌ داخراوه‌كان سازكرا، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى پیشه‌سازى، ده‌ڵێت “له‌دواى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ وه‌زاره‌ت رێنماییه‌كی ده‌ركرد به‌ژماره‌ 4ـى ساڵى 2022، ئه‌و رێنماییه‌ بۆ ماوه‌ى شه‌ش مانگه‌، بۆ ئه‌وه‌شه‌ كه‌ ئاسانكاریی زۆر بۆ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ى كارگه‌كان بكرێت “.

به‌قسه‌ى ناوبراو، له‌رێكه‌وتى‌ 24.10.2022 ده‌ست به‌كاركردن به‌و رێنماییه‌ كراوه، بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ، ده‌شڵێت “دواى ئه‌و ماوه‌یه‌ رێكاری یاساییان له‌به‌رامبه‌ر ده‌گرینه‌ به‌ر”.‌

ناوبراو ئه‌وه‌شی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ پێشتر هیچ كارگه‌یه‌كى هه‌رێمی كوردستان چووبێته‌ ناوچه‌كانى ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراق و وتیشی “به‌ڵكو ئه‌وه‌ى بڵاوبۆته‌وه‌ ته‌نها بابه‌تى ده‌ركردنى مۆڵه‌تى ئه‌و كارگانه‌ بووه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقییه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وكات رێگه‌ نه‌ده‌درا به‌رهه‌مه‌كانى ئه‌و كارگانه‌ بگه‌یه‌ندرێنه‌ ئه‌و ناوچانه‌”.