حکومەتی عێراق لەسەر بابەتەکەی رۆژنامەی سەباح: ئەوەی بڵاوکراوەتەوە دیدگای حکومەت نییە
+964
فەرمان سادق
حکومەتی عێراق لەسەر بابەتەکەی رۆژنامەی سەباح هاتە دەنگ و دەڵێ، بەهیچ شێوەیەک دیدگای حکومەت نییە.
لەژمارەی ئەمڕۆیدا رۆژنامەی سەباح بابەتێکی لەژێر ناونیشانی “ئایا هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە؟” بڵاوکردەوە، لەسەر ئەمەش حکومەتی هەرێمی کوردستان لەراگەیەندراوێکدا دەڵێ: هیچ دەسەڵاتێک تواناى هەڵوەشاندنەوەی هەرێمى کوردستانى نییە و بە نووسینی رۆژنامەیەکی مایەپووچ هەڵناوەشێتەوە کە پارەیەکی زۆری لێ خەرج دەکرێ و کەسیش هەر نازانێ ماوە یان داخراوە.
باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لەسەر ئەو پرسە هاتە دەنگ و دەڵێ، ئەوەی رۆژنامەکە بڵاوی کردۆتەوە را و بۆچوونی کەسییە و دەربڕی دیدگای حکومەتی عێراق نییە بەهیچ شێوەیەک.
وتەبێژی حکومەتی عێراق، ئاماژەی بەدەستووریش کردووە بەگوێرەی دەستوور عێراق وڵاتێکی فیدڕاڵییە و هەرێمی کورستانیش یەکێکە لەدەستکەوتە گرنگەکانی عێراقی نوێ کە حکومەتی عێراق کار دەکات بۆ رەخساندن و پشتگیریکردنی وەک پابەندییەک وەک حکومەتێکی شەرعی هەڵبژێردراو بەپێی دەستوور کە پابەندە بەهەموو یاسا بەرکارەکانی عێراق.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە وەڵامدانەوەکەی بۆ رۆژنامەکە دەڵێ، هەرێمی کوردستان خاوەن قەوارەیەکی یاسایی و دەستوورییە و بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و خۆڕاگری پێشمەرگە قارەمانەکانە هیچ دەسەڵاتێک تواناى هەڵوەشاندنەوەی هەرێمى کوردستانى نییە و بە نووسینی رۆژنامەیەکی مایەپووچ هەڵناوەشێتەوە کە پارەیەکی زۆری لێ خەرج دەکرێ و کەسیش هەر نازانێ ماوە یان داخراوە.