كاری تێدا دەكرێت

كارەبای 24 سەعاتی دەگاتە گەڕەكی مامزاوە

ئەرسەلان عەبدوڵا

پرۆژەی كارەبای 24 سەعاتی هەروادێ فراوان دەبێت و گەڕەكی زیاتری هەولێری پایتەخت دەگرێتەوە و ئەمڕۆ كاركردن لە گەڕەكی مامزاوە بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ شەممە 12.7.2025 تیمەكانی كۆمپانیای جێبەجێكار لە گەڕەكی مامزاوەی هەولێر كاریان دەكرد و 964 دیمەنەكانی وێنە گرت، هاوكات ئەندازیاری جێبەجێكاری كۆمپانیای شاندز، كە جێبەجێكاری پڕۆژەكەن، بە 964ی راگەیاند، ئەم هەفتەیە كارەكانی گەیاندنی كارەبای 24 كاتژمێری بۆ گەڕەكی مامزاوە تەواو دەبێت و لە هەفتەی داهاتووەوە كارەباكە دەگاتە گەڕەكەكە و سوودی لێ وەردەگرن.

ئەو كە رێگەپێدراو نەبوو ناوی بڵێت، وتیشی، ماوەی بەستنی بۆردی سێ كۆڵانی گەڕەكەكە نیو سەعاتی پێدەچێت، بۆیە نایەڵن هاوڵاتیانی ئەوێ زۆر بێ كارەبابن و ئەزیەت بكێشن، بە تایبەتی كە زۆر گەرمایە و بێ كارەبایی تەحەمول ناكرێ.

لە رۆژانی رابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئێستا پڕۆژەی كارەبای 24 كاتژمێری گەیشتووەتە دوو ملیۆن هاوڵاتی لە هەرێمی كوردستان.