"47 کەس بەشداربوون و 11 کەس دەرچوون"

سیستەمی نوێی مۆڵەتی شۆفێری لە گەرمیان کەوتەکار

شۆڕش قادری

سیستەمی نوێی مۆڵەتی شۆفێری بەشی تیۆری کە وەزارتی ناوخۆی هەرێم پەسەندی کردووە، بەشێوەیەکی فەرمی لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی ئیدارەی گەرمیان / بەشی مۆڵەت کەوتەکار.

سامان عەلی وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان بە 964ـی وت، “بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 7.7.2025 بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری هاتوچۆی ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەری بەشی مۆڵەتی شۆفێری، تاقیکردنەوەکانی تیۆری بۆ مۆڵەتی شۆفێری لە هۆڵی نوێی تاقیکردنەوەی تیۆری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی ئیدارەی گەرمیان ئەنجامدرا”.

“لە یەکەم وەجبەی ئەمڕۆدا 47 کەس بەشداربوون و 11 کەسیان لە تاقیکردنەوەکەدا دەرچوون”، سامان عەلی وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ لەمەودوا بەردەوام بەو سیستەمە نوێیە کار دەکەن و تاقیکردنەوەکانیان ئەنجام دەدەن.

زانیاری تایبەت بۆ فێرخوازان کە لە کاتی تاقیکردنەوەکان گرنگە لێیان بە ئاگابێت و پێیانەوە پابەند بێت:

1-کۆی پرسیارەکان 25 پرسیارە، مەرجە لە 20 پرسیار دەربچێت، واتە فێرخواز ئەگەر تەنها 5 وەڵامی هەڵە بێت بە دەرچوو هەژمار دەکرێت.

2- ماوەی وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێک (یەک خولەکە) لە سەر کۆمپیوتەری بەردەست.

3-فێرخواز لە ڕۆژێکدا مافی هەیە تەنها یەک جار تاقیکردنەوە ئەنجام بدات.

4-ئەنجامی (دەرچوون و دەرنەچوونی) فێرخواز ڕاستەوخۆ دوای تەواو کردنی تاقیکردنەوەکەی لە سەر شاشەی کۆمپیوتەری بەردەستی نیشان دەدرێت، و فێرخواز ڕاستەوخۆ دوای وەرگرتنی ئەنجام و دەرچوونی ئەتوانێت پەیوەندی بە نوسینگەکەیەوە بکات و ئاگاداریان بکاتەوە.

5- فێرخوازان گرنگه پێداویستیەکانی وەکو ( باجی نوسینگە، کارتی نیشتیمانی ڕەسەن )ی پێبێت.

6- جیاوازی ئەم سیستمە ئەوەیە کە هەر کۆمپیوتەرێک لە هۆڵی تاقیکردنەوەکە پرسیارەکانی جیاوازترە لە کۆمپیوتەری تەنیشتی و پێش و دواوەی جێگەی فێرخوازەکە، ئەمەش بە مانای ئەوەیە بوار بۆ هیچ جۆرە گزییەک نامێنێتەوە.

7- گرنگە فێرخواز خۆی بەدوور بگرێت لە هەر جوڵە، قسە، یاخود ئاماژە یان هەرجۆرە کردارێکی نەشیاو لە ناو هۆڵەکە بەگشتی و بەرامبەر ئەفسەر و کارمەندی ناو هۆڵەکە.