سەرۆکى حکومەتى هەرێم و سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەران...وێنە: حکومەتى هەرێم
لەگەڵ سەرۆکى حکومەت کۆبووەتەوە
سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە بارەى موچەوە چى بە هەرێمى کوردستان وتووە؟
964+
وریا فەتاح
بەپێى راگەیەندراوى حکومەتى هەرێم، سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، هاوڕابووە لەگەڵ سەرۆکى حکومەت کە نابێت بەهیچ شێوەیەک بابەتى موچە تێکەڵ بە ململانێى سیاسى بکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.
بەپێى راگەیەنراوى حکومەتى هەرێم، لە کۆبوونەوەکەدا، کە شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانتار زیاد جەنابی، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکيی ئەنجومەنی نوێنەران ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، بە تایبەتی بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرا.
“هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی نابێت بە هیچ شێوەیەک بابەتی مووچە، تێکەڵ بە هيچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان باجی ئەو ناکۆکییانە بدەن، کە بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی کوردستان کراوە”، حکومەتى هەرێم وا دەڵێت.
لەبارەى چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا، هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە لە زووترین کاتدا، کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.