پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ئێرانیان جێهێشت و گەڕانەوە ڤیەننا
"بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە ڤیەننا"
پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ئێرانیان جێهێشت
شۆڕش قادری
تیمی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ئێرانیان جێهێشت و گەڕانەوە بارەگای خۆیان لە ڤیەننا.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ماوەی شەڕی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل تیمێکی پشکنەرانی ئاژانسەکە لە تارانی پایتەختی ئێران بوون، ئەمڕۆ هەینی 4.7.2025 دوای هێوربوونەوەی دۆخەکە ئێرانیان جێهێشتووە و بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە ڤیەننا.
هاوکات رافائێل گروسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم جەختی لە گرنگی گفتوگۆی نێوان خۆیان و ئێران، لەسەر چۆنیەتی چاودێری چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە کردووەتەوە و داوای کردووە بەزووترین کات دەستپێبکەنەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە 2.7.2025 مەسعود پزیشکیان پڕۆژە یاسای هەڵپەساردنی هاوکارییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم پەسەند کرد و واژۆی لەسەر کرد.
هەفتەی رابردوو و دوای راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئێران و ئیسرائیل، پەرلەمانی ئێران پڕۆژە یاساکەی پەسەند کردبوو.