بەم زووانە

بازرگانان و وەبەرهێنەرانی یۆنان سەردانی كوردستان و عێراق دەکەن

ئەرسەلان عەبدوڵا

بڕیارە بەم زووانە شاندێکی بازرگانان و وەبەرهێنەرانی یۆنان سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکەن، ئەمە بە قسەی ئەندامێكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر.

كامەران محەمەد ساڵح بە 964ی راگەیاند، كونسڵی گشتیی یۆنان لە هەولێر پێی راگەیاندوون، بەم زووانە شاندێكی بازرگانان و وەبەرهێنەرانی وڵاتەکەی سەردانی كوردستان و عێراق دەكەن.

ئەو ئەندامەی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، شاندێكی ژوورەكەیان سەردانی كونسڵخانەی یۆنانیان لە هەولێر كردووە و لە بارەی پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیە بازرگانییەکانی نێوان یۆنان و هەرێمی کوردستان  گفتوگۆیان كردووە، هەروەها باس لە ئاڵوگۆڕی شاندە بازرگانییەکان و بەشداری کۆمپانیاکان لە پێشانگا نێودەوڵەتییەکان و راکێشانی وەبەرهێنەرانی یۆنانی بۆ هەرێمی کوردستان کراوە

” لە کۆبوونەوەکەدا کونسوڵی گشتیی یۆنان باسی لە هاتنی شاندێکی بازرگانان و وەبەرهێنەرانی وڵاتەکەی کرد بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، كە بەم زووانە سەردانەكە ئەنجام دەدەن”، كامەران محەمەد وای وت.