بەشێک لە بەرپرسانی پەکەکە بە لۆگۆ و وێنەی عەبدوڵا ئۆجەلان دەرکەوتوون - وێنە: ئەرشیف
باڵی سیاسی پەکەکە قسەیان بۆ 964 کرد
پەکەکە دەیەوێ “دەستەبەری سەلامەتی” ئەو گەریلایانە بکرێ کە چەک دادەنێن
ئەحمەد مستەفا
گومانی سەلامەتی ئەو گەریلایانەی کە وەک “نیەت پاکی” چەکی شانیان، لە چوارچێوەی خەباتی پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” دادەنێن، وای کردووە تائێستا سەرکردەکانی “پەکەکە”، رەزامەند نەبن بە رێوڕەسمی چەکدانان.
ئەوە لە کاتێدا ئەم کارە دەکەن، ئەوەیان بیرە، عەبدوڵا ئۆجەلانی رێبەریان “پێشنیاری” خۆ هەڵوەشاندنەوەی بۆ کردبوون، نەک “بڕیار”ی بەسەردا سەپاندبن، بۆیە دەیانەوێ لە هیچ هەنگاوێک دەستی خۆیان نەگەزن، ئەمە قسەی سەرکردەیەکی باڵای، باڵی سیاسی پەکەکەیە بۆ 964.
پەکەکە دوو ئەزموونی دیکەی لە ساڵانی 1999 و 2009 هەیە، جارێک لە تورکیا و جارێک لە ئەوروپا پڕۆسەی چەکدانانی بۆ ئاشتی ئەنجامداوە، بەڵام سەرجەمی ئەو گەریلایانەی چەکەکانیان بە نیەتی ئاشتی دانا، دەستگیرکران و راپێچی زیندان کران.
ئێستا “پەکەکە” دەیەوێ، هەڵوەشاندنەوەی خۆی وەک پارتێکی چەکدار و هەڵوەشاندنەوەی کۆمیتە بەرگرییەکەی، بە هەنگاوی کرداری نیشانی رای گشتی بدات، سەرچاوەیەکی باڵا، لە “کەجەکە”ی باڵی سیاسی “پەکەکە”، ئەمڕۆ پێنجشەممە 3.7.2025 قسەی بۆ 964 کرد و وتی، بۆ ئەو هەنگاوە کرداریی و چەکدانانە هەرێمی کوردستان دیاری کراوە، رەنگە لە قەندیل بێت.
ئەو سەرچاوە بەرپرسە، کە ئەم رۆژانە هاتوچۆی نێوان قەندیل و سلێمانی هەبووە و بەشداری پڕۆسەی چەکدانانە، گومانی سەرکردەکانی پەکەکەی نەشاردەوە، لەوەی داوای سەلامەتی گیانی ئەوە گەریلایانە بکەن، کە دەیانەوێ وەک نیەتی پاکی چەک دابنێن، ئەو وتی، پێش چەکدانان دەمانەوێ هەموو میدیاکان ئاگادار بکەینەوە و کەسانی نێوەندگیر ئامادەییان هەبێ.
لەگەڵ ئەو سەرچاوەیە باڵایە، 964 زۆر بێنە و بەردەی کرد، ئەو ئامادە نەبوو، ئالیەتی چەکدانان و ژمارەی گەریلاکان و کاتی پڕۆسەکەیە ئاشکرا بکات، بەڵام ئەوەی درکاند، ئەگەر گرنتی سەلامەتی ئەو گەریلایانە نەکرێ، رەنگە هەر لە قەندیل بکرێ یان هەمان رۆژ بگەڕێنەوە قەندیل، وە وتی، پەکەکە باش دۆخی ناوچەکە و وڵاتانی هەرێمی خوێندووەتەوە، ئەگەر نیەتی بەرامبەر ببینین، دەمانەوێت، بۆ خەباتێکی نوێی و مەدەنی هەنگاو بنێین.
هەواڵی پەیوەندیدار بە پەکەکە؛