له خورماتوو بهكارهێنانى غازى ههرێم قەدەغەکرا
بهغدا دهڵێت ئهو غازهى ماڵان له ههرێم دروستدهكرێت مهترسی تهقینى لهسهره
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
بریاردرا لەمەودوا ئەو بوتڵە غازانەی کە لە کارگەکانی هەرێم دروست دەکرێت چیتر لەلایەن هاوڵاتیانى خورماتوو وەرنهگیرێت و تەنیا بوتڵی غازی عێراقی ئاڵۆگۆڕی پێدەکرێت، چونکە دهڵێن، مەترسی تەقینیان لەسەرە .. ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین ئەو بڕیارە پشتڕاستدەکاتەوە و دەلێت لەسەرەتای ئەمساڵەوە لە بەغداوە دەرچووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2.7.2025 میلەت محەمەد، بریکاری دابەشکردنی بوتڵی غاز لە کارگەی خورماتوو بە 964ـی وت، لیژنەیەک لە بەغداوە سەردانی کارگەکانی سنورەکەی کردووه و بریاریدا لەمەودوا بەھیچ شێوەیەک ئەو بوتڵە غازانەی کە لەهەرێم دروست دەکرێن وەرنهگرن و تەنیا بوتڵی غازی ماڵانی عێراقی وەربگرن.
وتیشی “ھەر کەسێک هاوشێوەی ئەو بوتڵانەی هەیە، کە بە بوتڵی سەوزی هەولێری ناسراون، با بچن لەکارگەکان یاخود لەرێگەی بریکارەکانی گەڕۆکەوە بڕە پارەیەکیان لێ وەردەگیرێت و بۆیان دەگۆڕنەوە بەبوتڵی عێراقی”.
ئاماژهى بهوشهكرد، لە هەرێم و عێراقدا چوار کارگەی دروستکردنی بوتڵی غاز هەیە، دوو کارگەیان لە هەرێمە، هەرچەندە تاوهکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی تەقینی ئەو بوتڵە غازانە تۆمار نەکراون، بەڵام وەک لە بڕیارەکەدا هاتووە، کە ئەو بوتڵانەی لەهەرێم بەرهەم دەهێنرێن، کوالێتیان لەئاستێکی نزمدایە و مەترسی تەقینیان لەسەرە بەتایبەت لەوەرزی گەرمادا.
روونیشیكردهو، پێشتر ئاسانکاری دەکرا بۆ ھاوڵاتیان و بریکاران بە پڕکردنەوەی غازی هەرێم، بەڵام لەئێستادا ھیچ ئاسانکاری ناکرێ و لەچەند ساڵی رابردوو غازی ئێرانیش قەدەغەکرا و لەئێستادا تەنیا بوتڵی غازی ماڵانی عێراقی پڕدەکرێت.
“لە نێو کارگەکانی پڕکردنەوەی غازدا، کامێرا دانراوە و لەبەغدا و تکریتەوە چاودێری دەکرێت و ھەر بریکارێکیش بوتڵی غازی سەوزی ھەولێری بباتە نێو کارگەی غازی خورماتوەوە، بۆ ھەر بوتڵی غازێک 250 ھەزار دینار غەرامە دەدرێت”. ئهمهش قسهى میلەت محەمەده بۆ 964.
لایخۆشییەوە یاسین محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە964ـی وت، بڕیارەکە لەسەرەتای ساڵی2025ـەوە هاتووە، بەڵام خورماتوو تاکە شوێنە کەمتەرخەم بووە لەجێبەجێکردنی بڕیارەکەی بەغدا و بەرێژەی%80ـی هاوڵاتیانی خورماتوو بوتڵی غازی هەولێری بەکاردەهێن، بۆیە لیژنەکە ماوەی چەند رۆژێکیان داناوە بۆ گۆڕینی ئەو بوتەڵە غازانەیان، بەپێچەوانەوە لەکارگەکان لێیان وەرناگیرێت و بۆیان پڕناکرێتەوە.
وتیشی، بەپێی بڕیارەکەی بەغدا بێت، ئە بوتڵە غازانەی لەکارگەکانی سلێمانی و هەولێر دروست دەکرێت کواڵێتێکەیان نزمەو مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروست دەکات، بۆیە ماوەی تەنها دوو هەفتە لەبەردەستیانە، هاوڵاتیان رێکارەکان جێبەجێ بکەن.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن
کردنەوەى کارگەیەکى نوێى غاز کێشەى ماڵانى چارەسەرکرد