دەبێت چاودێری حكومەت بكات

رۆژی جیهانی پەرلەمانه و هەرێمیش بێ‌ پەرلەمانە

964+

محەمەد فاتیح

ئەمڕۆ رۆژی جیهانی كاركردنی پەرلەمانتاریە و دەبێت پەرلەمان رۆڵێكی بەهێز و چالاك بگێڕێت لە چەسپاندنی كایەكانی دیموكراسی و پێشكەشكردنی باشترین پڕۆژە و خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان و لێپێچینەوە و لێپرۆسینەوە و چاودێریكردنی حكومەت بكات و هەوڵی پیتەوكردنی دیموكراسی بدات، بەڵام  لە هەرێمی كوردستان نەك پەرلەمان رۆڵی نییە، بەڵكو پەكیشی كەوتووە.

لە رێكەوتی 30ـی حوزەیرانی هەموو ساڵێك بە بۆنەی رۆژی جیهانی پەرلەمانەوە ئاهەنگ دەگێڕدرێت، لەم بەروارەدا لە ساڵی 1889 یەكێتی پەرلەمانی نێودەوڵەتی دامەزرا و لە ساڵی 2018ـش کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان 30ـی حوزەیرانی وەك رۆژی جیهانی پەرلەمان دەستنیشان كرد.

کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، “دامەزراندنی رۆژی جیهانی بۆ كاری پەرلەمانتاری لەم کاتە ناهەموارەدا زۆر گرنگە چونكە خەڵک متمانەیان بە دامەزراوە سیاسییەکان لەدەست دەدەن و خودی دیموکراسیش رووبەڕووی ئاڵنگاری بزووتنەوە پۆپۆلیستی و ناسیۆنالیستەکان دەبێتەوە”

وتیشی، “ئەگەر بمانەوێت دیموکراسی گەشە بکات، دەبێت لە پەرلەمانەکانەوە بێت چونكە بەردی بناغەی دیموکراسیە و بەهێز و شەفافە و لێپرسینەوە دەكات و نوێنەرایەتی خەڵكیش دەكات و چاودێریشە بەسەر حكومەتەوە”.

دیپلۆماسی پەرلەمانی ئامرازێکە بۆ بنیاتنانی پەیوەندی و بەرزکردنەوەی هاوکاری نێوان پەرلەمانە نیشتمانییەکان و زۆرێک لە پەرلەمانەکان هانی ئەندامەکانیان دەدەن بۆ بەشداریکردن لە رێکخراوە پەرلەمانییە نێودەوڵەتییەکان و ئاڵوگۆڕی دوولایەنە و دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکانی دیکەی پەرلەمانی، بەم شێوەیە پەرلەمانتاران دەتوانن نوێنەرایەتی بەرژەوەندی وڵاتەکانیان بکەن و گفتوگۆ و هاوکاری لەگەڵ هاوتاکانیان لە وڵاتانی دیکەوە بەرەوپێش ببەن و کار بۆ دروستکردنی کۆدەنگی لەسەر پرسە نێودەوڵەتییەکان بکەن.

ئەوەتا زۆربەی پەرلەمانی وڵاتانی جیهان نەك بە تەنها گرنگی بە پێشكەشكردنی پڕۆژە و خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان دەدەن و لێپرسنەوە و لێپێچینەوە لە گەندەڵكاران و له بە هەدەردانی سەروەت و سامانی گشتی دەكەن بەڵكو سنوری وڵاتیان تێپەڕاندووە و هەماهەنگی لەگەڵ پەرلەمانەكانی جیهاندا دەكەن، كەچی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە ساڵێكە نەك هیچ رۆڵێكی نییە بەڵكو پەكیشی كەوتووە و لەئێستادا هاونیشتیمانیانی هەرێمی كوردستان بێ‌ نوێنەرن و نوێنەرەكانیان تەنها موچە وەردەگرن.

رۆژی جیهانیی پاسکیلسوارییە و هاوڵاتیان باسی سوودەکانی...

رۆژی جیهانیی پاسکیلسوارییە و هاوڵاتیان باسی سوودەکانی پاسکیل دەکەن