پێشێلکارییەکانی هەڵبژاردن

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن چاودێریی میدیاكان دەکات

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆکی ئیدارەی هەڵبژاردنەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، رێنمایی پێکهێنانی لیژنەکانی چاودێری میدیایی دەركرد بۆ وەرگرتنی راپۆرتی پێشێلکارییەکانی هەڵبژاردن.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، ئەمڕۆ سەرۆکی ئیدارەی هەڵبژاردنەکان لە کۆمسیۆن، عامر ئەلحوسێنی، رێنمایی پێکهێنانی لیژنەکانی چاودێریی میدیای کرد بۆ وەرگرتنی راپۆرتی سەرپێچییەکانی هەڵبژاردن.

دەشڵێت، “لیژنەکان لە نێوان لیژنەی چاودێریی میدیای ناوەندی لە فەرمانگەی نیشتمانی و لیژنەکانی چاودێریی میدیای لاوەکی لە ئۆفیسی پارێزگاکان دابەش کراون.

“لیژنەکان چاودێری پێشێلكارییەكانی هەڵبژاردن دەكەن و لە ئەندامانی تیمی چاودێریکردنیش پێشێلكارییەكان وەردەگرن، لەوانەش راگەیاندنی کاندیدبوون و ئاماژەکردن بە ژمارەی کاندیدەکە، بەو پێیەی ئەمە سەرپێچییەکی هەڵبژاردنە و کاندید و حزبەکەی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت بەپێی ئەو سزایانەی لە پەیڕەوی ناوخۆی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا هاتووە”.

بڕیارە لە 11.11.2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و ئێستا دەرگای كاندیدبوون داخراوە، كۆمیسیۆنیش خەریكی ئامادەكارییە بۆ پرۆسەكە.