زیندووکردنەوەی میراتێکی کۆن لە سەردەمی مۆدێرنەدا
گەڕانەوە بۆ خانووە قوڕەکان لە کوردستان
عەبدولعەزیز خالند- هەولێر
لە جیهانێکى نوێدا کە باڵەخانەکان بەرەو هەورەکان هەڵدەکشێن و جۆرەها دیزاین و نەخش بۆ خانووى نوێ دروست دەکرێن، پەرۆشییەک بۆ خانووە قوڕەکان سەریهەڵداوە، جگە لە تێچووە کەمەکەشى بۆ گەرما و سەرما یارمەتیدەرە.
سامان عومەر، وەستایەکی بە ئەزموونی ئەم بوارە، کە لە گوندی کەردزی نزیک قوشتەپە سەرقاڵی زیندووکردنەوەی ئەم هونەرەیە، باس لەوە دەکات کە خواست لەسەر ئەم جۆرە خانووانە رۆژ لە دوای رۆژ لە زیادبووندایە.
وەک ئەوەى وەستا سامان باسى دەکات، خەڵکێکی زۆر دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ خانووی قوڕ، هەندێکیان بۆ حەوانەوە و هەندێکی تریشیان بۆ ژیانی هەمیشەیی.
“خانووى قوڕ لە زستاندا گەرم و لە هاویندا فێنکە، جگە لەوەش دروستکردنی هۆدە و هەیوانێکى نمونەیى لە خانووى قوڕ نزیکەی شەش ملیۆن دیناری تێدەچێت، هەربۆیە خەڵک رووى لێکردووە”، وەستا سامان واى وت.
ئەو وەستایە نهێنیی دروستکردنی خشتە قوڕینەکان ئاشکرا دەکات و دەڵێت”: پێکهاتە سەرەکییەکان بریتین لە خۆڵی سوور، کا، خوێ و ئاو. سەرەتا تێکەڵەکە دەشێلین و قوڕێکی لێ دروست دەکەین، پاشان بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەجێی دەهێڵین تا بە جوانی دەخوسێت. دواتر خشتی لێ دەبڕین و دیواری پێ هەڵدەچنین.”
لەرابردوودا، زۆرینەى رەهاى خانووەکان لە کوردستان خانووى قوڕ و هونەرى گڵکارى بوون، بۆیە دروستکردنى خانوى قوڕ لەو سەردەمى کۆنکرێت و کاشیدا جگە لە گەڕانەوە بۆ رابردوو، پاراستنى شێوەى ژیان و ژینگەیە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح