نۆ ئەندامى خێزانێک لە پاکستان بەهۆى لافاوێکەوە خنکان
لە پاکستان
بۆ وێنەى سێڵفى چوون: بەڵام لافاو ژیانى لە نۆ ئەندامى خێزانێک سەندەوە
وریا فەتاح
بەرپرسانی پاکستان رایانگەیاند، لانیکەم نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە لەنێویاندا چەند منداڵێک هەن، دوای ئەوەی لافاوێکی کتوپڕ لە رووباری سوات لە باکووری وڵاتەکە رایماڵین.
بەرپرسێکی ناوچەکە بە رۆیتەرزى وتووە، خێزانەکە سەرقاڵی نانخواردنی بەیانی بوون لە کەناری رووباری سوات و منداڵەکان چوونەتە ناو ئاوەکەوە بۆ گرتنی وێنە، کاتێک لافاوە لەناکاوەکە روویداوە کە بەهۆی بارانی وەرزییەوە بووە.
شەهزاد مەحبووب، بەرپرسێکى ناوچەکە بۆ رۆیتەرز وتویەتى،”تا ئێستا تەرمی نۆ کەس دۆزراوەتەوە، چوار ئەندامی دیکەی خێزانەکە بێسەروشوێنن و چواری دیکەش رزگارکراون”.
خێزانەکە وەک گەشتیار سەردانی دۆڵی سوات-یان کردبوو کە ناوچەیەکی شاخاوی و سەرنجڕاکێشە.
بەرپرسێکی تیمەکانی فریاگوزاری، شا فەهاد، رایگەیاندووە کە خەڵکی ناوچەکە و زیاتر لە 80 کارمەندی فریاگوزاری بەدوای بێسەروشوێنبووەکاندا دەگەڕێن.
یەکێک لە کەسوکارى ئەو قوربانیانە باسى لەوەکردووە کە چوون بۆ گرتنی چەند سێڵفییەک. لەو کاتەدا ئاوێکی زۆر لە رووبارەکەدا نەبوو. بەڵام لەناکاو لافاوەکە هات و منداڵەکانی راماڵی وەکخۆى دەلێت، “شەپۆلی ئاوەکە ئەوەندە بەهێز بوو وەک ئەوەی بەنداوێک شکابێت.”