دەڵێن دۆسییەی "گێچەڵی سێکسی هەیە"
کۆمەڵێک لە ژنانی چالاکوانی رۆژهەڵاتی کوردستان دژی گەڕاندنەوەی مامۆستایەکی بۆ زانکۆی کوردستان
فەرهاد حەسەن
کۆمەڵێک لە ژنانی چالاکی رۆژهەڵاتی کوردستان لەبارەی گەڕاندنەوەی مامۆستایەکی زانکۆی کوردستان ناڕەزاییان دەربڕی و دەڵێن، ئەم کەسە دۆسییەیەکی تایبەتی بە گێچەڵی سێکسی هەیە و پێویست ناکات لە دەوامی زانکۆکە بەردەوام بێت.
ژنە چالاکوانەکان راگەیەندراوێکیان بڵاوکردووەتەوە و تیایدا داوا لە کۆمەڵگەی زانستی، رێکخراوە مەدەنییەکان و رای گشتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن، ئەوان بە نیگەرانییەکی قووڵەوە چاودێریی پڕۆسەی دۆسیەی جەمال محەمەدی، ئەندامی دەستەی زانستیی بەشی کۆمەڵناسیی زانکۆی کوردستان و بڕیاری لیژنەی پێداچوونەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ بێتاوانکردن و گەڕاندنەوەی ناوبراو بۆ زانکۆ دەکەن.
دەڵێن، ئەم دۆسیەیە دوای ئەوە دروستبوو کە کۆمەڵێک خوێندکاری کچ بێدەنگییان شکاند و سکاڵایەکی بەکۆمەڵیان لەسەر گێچەڵ و دەستدرێژیی جنسیی ئەم مامۆستایە بۆ سەر خۆیان تۆمار کرد.
ئاماژە بەوەدەکەن، ئەگەرچی دۆسیەکە لە قۆناغی سەرەتاییدا و بەپێی بەڵگە و دۆکیۆمێنتە بەردەستەکان بووە هۆی دەرکردنی ناوبراو لە زانکۆ، بەڵام لە قۆناغی پێداچوونەوەدا بڕیارەکە هەڵوەشێندرایەوە و حوکمی گەڕانەوەی بۆ دەرکرا.
لە رێگەی ئەم راگەیەندراوە دەیانەوێت، خەبات لە دژی ئەم دیاردەیە ببێتە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هاوکاتیش رەخنە لەو میکانیزمانە دەگرن کە دەبنە هۆی بەرهەمهێنانەوەی گێچەڵ و پاراستنی دەستدرێژیکەران لە سزای یاسایی، بەتایبەت لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا.