لە سلێمانی چی روویدا؟

کورت و پوخت لە سەرەتاوە تائێستا

964+

ژووری هەواڵ

ئەمڕۆ قەرار بوو مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی خۆپیشاندان بکەن، بەڵام هێزە ئەمنییەکان رێیان نەدا، کورت و پوخت ئەمە وردەکاریی هەموو رووداوەکانە لەو رۆژەوەی بڕیاری خۆپیشاندان درا تائێستا:

📌بەپێی رۆژمێری مامۆستایان و فەرمانبەران ئەمڕۆ دەکاتە 57.06.2025 چونکە هێشتا موچەی مانگی پێنجیان وەرنەگرتووە.

📌رۆژی 21.06.2025 گروپە ناڕازییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران لە سلێمانی رایانگەیاند، رۆژی پێنجشەممە خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەڕێوەدەچێت.

📌رۆژی 24.06.2025 لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: خۆپیشاندانەکە بۆ کاتێکی سەقامگیرتر دوابخەن.

📌رۆژی 25.06.2025 هێزە ئەمنییەکان ژمارەیەک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکەیان دەستگیرکرد.

📌ئێوارەی هەمان رۆژ وتەبێژی ئاسایش رایگەیاند 11 کەس لای ئەوان راگیراوەو، وتی ”دۆخەکە تێک دەچوو بۆیە رێی خۆپیشاندانمان نەداوە”.

📌بەیانی رۆژی پێنجشەممە 26.06.2025 هێزێکی زۆری ئەمنی لە چەند شوێنێکی شاری سلێمانی بڵاوەیان پێکرا.

📌پێش کاتژمێر 10ی بەیانی، ژمارەیەک لە مامۆستاو فەرمانبەری ناڕازی لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێک روویان کردە بەردەم پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی لە شەقامی سالم.

📌هێزەئەمنییەکان ئەوانەیان دەستگیر دەکرد کە لەوێ کۆدەبوونەوە.

📌سەنتەری میترۆ رایگەیاند: هێزە ئەمنییەكان، دەستیان كرد بە دەستبەسەركردنی نایاسایی، تیمەكانی راگەیاندن و ئەو كۆمەڵە چالاكوانەی كە نیازیان بوو لەبەردەم پەروەردەی رۆژئاوا خۆپیشاندان بكەن.

📌لە داتاکانی سەنتەری میترۆ ناوی ئەم رۆژنامەنووسانە تۆمارکراون کە دەستبەسەرکراون و دواتر ئازادکراون: پێشەوا نەوزاد ، نەبەز هیدایەت، هانا محمود، دژوار عمر، سەركۆ حەمە فائق ، محمد دڵشاد، شادۆست فەرهاد، كاروان عمران، سیروان علی، مەهران رەمەزانان، نزار ستار، ژیلیا عەلی، ئیبراهیم ساڵح، ئەیوب عەزیز، محمد سەعدوڵا، حەسەن محەمەد، هۆشیار محمد، هێمن محەمەد.

📌لە ناو دەستگیرکراوەکان عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری کوردستان و سێ پەرلەمانتاری خانەنشینی کوردستان و عێراق هەن.

📌بەگشتی باسی ئەوە دەکرێت 53 خۆپیشاندەرو 14 میدیاکارا دەستگیرکراون.

📌چەند خۆپیشاندەرێکی دەستگیرکراو رایانگەیاند، هێزە ئەمنییەکان بردوویانن لە سەرچنار بە چەند کیلۆمەترێک لە دووری شوێنی خۆپیشاندانەکە ئازادیان کردوون.

📌لە کاتژمێر 2:30 پاشنیوەڕۆ عەلی حەمەساڵح لەسەر فەیسبووکەکەی نووسی: ئێستا ئێمەو هاوڕێیانمان ئازادبووین.

📌تائێستا بەشێک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە ئازاد نەبوون.

📌چەند خولەکێک بەر لە 5ی ئێوارە دەزگای ئاسایشی هەرێم (سلێمانی) راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو دەڵێت: ئاگاداری دەستێک بووین کە رۆژانی رابردوو بەنیازبوو لە رێی ئەو خۆپیشاندانەوە ئارامی سلێمانی تێکبدات.

📌ئاسایش دەڵێت: ئامانجی ئێمە لە دەستگیرکردنیان تەنها پاراستنی گیانی ئەوان و خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازی بوو بۆ ئەوەی هیچ کەسێک نەبێتە قوربانی.

📌ئاسایش: زۆر بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەستگیرکراوەکاندا کردووە، بەڵام بە پێویستی دەزانین داوای لێبوردنیان لێ بکەین.

ئاسایشى سلێمانى روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە

ئاسایشى سلێمانى روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە