"به‌پێی یاسا مافه‌كانیان پارێزراو بێت"

فه‌رمانبه‌رانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى خانه‌نشین خولێكی تایبه‌تیان سه‌باره‌ت به‌ خانه‌نشینبوونى كرێكاران بۆ كرایه‌وه‌

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بەرێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى كار خولێكى چه‌ند رۆژه‌ى به‌ڕێوه‌برد كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ پاراستنى مافه‌كانى كرێكاران له‌كاتى خانه‌نشینبوون و قەرەبووکردنەوەیاندا.

خوله‌كه‌، بە هەماهەنگی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی ILO، بۆ ماوه‌ى  چوار رۆژ لەژێر ناونیشانی “مافەکانی کرێکار بۆ خانەنشین و قەرەبووکردنەوە بەپێی یاسا” به‌ڕێوه‌چوو و تیایدا ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی هۆبەکانی خانەنشینی و قەرەبووکردنەوە لە گشت بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران به‌شداربوون.

كار و ده‌سته‌به‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئامانجی سەرەکی له‌ خوله‌كه‌ بریتی بوو لە بەرزکردنەوەی ئاستی توانست و شارەزایی بەشداربووان سەبارەت بە یاسا و رێنماییەکان، بۆ دڵنیابوونەوە لە پاراستنی مافی کرێکاران و جێبەجێکردنی یاساکان بە شێوەیەکی دروست.

گرنگترین ئەو بابەتانەی لە خولەکەدا تیشکیان خرایە سەر بریتی بوون لە، مافەکانی کرێکار لە بواری خانەنشینبووندا،  شێوازی بڕینەوە و هەژمارکردنی خانەنشینی بۆ جێماوانی کرێکار، قەرەبووکردنەوەی پێکانی کار و پاداشتی کۆتایی راژە، چۆنیەتیی سوودوەرگرتنی کرێکاران لە لقەکانی دەستەبەریی پێکانی کار و خانەنشینی.

روونكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ ئەم جۆرە خولانە رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە پەرەپێدانی توانای فەرمانبەران و دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی یاساکان بە شێوەیەکی دروست، کە خزمەت بە پاراستنی مافی کرێکاران دەکات.