پەروێزخان، یەکێک لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێم لەگەڵ ئێران - وێنە: 964
"گواستنەوەی نەفتاش نزیکە"
دوای ئاگربەست گواستنەوەی قیر لە مەرزی پەروێزخان دەستیپێکردووەتەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕەکەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، گواستنەوەی سوتەمەنی لە مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان راگیرا، دوای ئەنجامدانی ئاگربەست، ئەمڕۆ سێشەممە گواستنەوەی قیر دەستیپێکردووەتەوە و لەچەند رۆژی داھاتوش گواستنەوەی نەفتا دەستپێدەکاتەوە.
شۆفێرێکی گواستنەوەی سوتەمەنی کە نەیویست ناوی بھێنرێت بە 964ـی وت، دوای دەسپێکردنی شەڕەکەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، گواستنەوەی قیر و نەفتا راگیرا و ھیچ ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوەی سوتەمەنی لەماوەی ئەو 12 رۆژەی شەڕەکە نەڕۆشتووەتە دیوی ئێرانەوە.
“دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ئاگربەست راگەیەندرا و شەڕ راگیرا، لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە گواستنەوەی قیر لە مەرزەکە دەستیپێکردۆتەوە”،ئەو شۆفێرە وای وت.
.ئاماژەی بەوەشکرد، بەھەمان شێوەی قیر، گوستنەوەی نەفتاش راگیرابوو، بڕیارە لەچەند رۆژی داھاتوش تانکەرەکان دەستبکەنەوە بە بارکردنی نەفتا و بڕۆنەوە دیوی ئێران
پیداچوونەوە: توانا نەقی