"نرخی شمەک و خواردەمەنی گران نابێت"

دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێمی سست کردووە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

رێگرتن لەچوونە دەرەوەی دۆلار رێکارەکانی حەواڵەی قورس کردووە ئەمەش ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە هەرێم سست کردووە، وەزارەتی بازرگانی دەڵێت کاتییە و هیچ کێشەیەک دروست ناکات.

بەهۆی کۆنتڕۆڵکردنی ناردنەدەرەوەی دۆلار، حکومەتی عێراق سەرجەم رێکارەکانی مامەڵەکردنی بە دۆلار قورس کردووە و حەواڵەکردنیش یەکێکە لەوانە.

یەکێک لەرێکارەکان ئەوەیە پارەی کاش بەحەواڵە کە بڕەکەی زۆر بێت حەواڵە ناکرێت و لەهەمان کاتدا ئەو کەسەی حەواڵە دەکات دەبێت ئەو سەرچاوەیەی بۆی دەنێرێت دیار و فەرمی و شوێنی بازرگانی بێت.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم بە تۆڕی964ی راگەیاند: ئەو رێکارانەی حەواڵەکردن، ئاڵوگۆڕی بازرگانی سست کردووە، بەڵام کاتییە و هەموو پڕۆسەیەک سەرەتا تووندە و دواتر ئاسانکاری دەکرێت.

دەشڵێت “سستبوونەکە هێندە نییە کاریگەری بخاتە سەر شمەک و خواردەمەنی و کاڵا لەناو بازاڕەکانی هەرێم “چونکە بەشی تا یەک ساڵی تر کەلوپەل و خۆراک لە گۆکاندا هەیە”.

ساڵی 2022 هەرێمی کوردستان بە بەهای 16 ملیار دۆلار خۆراک و کەلوپەلی تری لە تورکیا و ئێرانەوە هاوردە کردووە.