دیمه‌نێكی سایلۆى رانیه كه له سۆشیاڵ میدیاكه‌یان وه‌رگیراوه.
سلێمانى زۆرترینه
تاوه‌كو ئه‌مڕۆ نزیكه‌ى 148 هه‌زار تۆن گه‌نم له سایلۆكانى هه‌رێم وه‌رگیراوه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هه‌رێم ئه‌و رێژه گه‌نمه‌ى بڵاوكرده‌وه كه تاوه‌كو ئه‌مڕۆ له پارێزگاكانى هه‌رێم له سایلۆكان له جوتیاران وه‌رگیراوه، كۆى گشتییه‌كه‌ى نزیكه‌ى 148 هه‌زار تۆن و زۆرترینى له سلێمانى وه‌رگیراوه.
ساڵى 2024 حكومه‌تى عێراق 700 هه‌زار تۆن گه‌نمى له‌هه‌رێمى كوردستان وه‌رگرت، به‌ڵام بۆ ئه‌مساڵ 2025 بۆ 400 هه‌زار تۆن كه‌مى كردووه‌ته‌وه.
وه‌زاره‌ته‌كه له راگه‌یەندراوێكدا ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه بڵاویكرده‌وه، كه پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بۆ وەرزی ئەمساڵ به‌رده‌وامه و تاوه‌كو ئێستا لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان 147 هەزار و247 تۆن و 975 کیلۆ، گه‌نم وەرگیراوە.
له سایلۆكانى هەولێر، 38 هەزارو حەوت تۆن و 485 کیلۆ، له سلێمانی 59 هەزار و 526 تۆن و 10 کیلۆ و له سایلۆكانى دهۆکیش 49 هەزار و 714 تۆن و 480 کیلۆ، وه‌رگیراوه.
پێشتر وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ هۆكاره‌كانى عێراقی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى وه‌رگرتنى گه‌نم ئاشكرا كردووه كه بریتین له:
– کێشەی بودجە و میزانیە لە عێراق بە شێوەیەکی گشتی و مانەوەی پارەی شایستەی جوتیاران کە بریتیە لە 803 ملیار دینار کە تاوەکو ئێستا سەرف نەکراوە بۆ جوتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان .
– کێشەی گۆرانکارییەکانی کەشوهەوا و مەترسیەکان و ئاماژەکانی کەمبونەوەی سەرچاوەکانی ئاو و دیاردەی وشکەساڵی و بە بیابانبوونی بەشێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوەراست و خواروی عێراق.
– بابەتی کێشەی مانەوەی گەنمی وەرگیراوە لە سایلۆکانی حکومەتی عێراقی و توانای خەزنی گەنم لە سایلۆکان کە ساڵی رابردوو زیاتر لە شه‌ش ملیۆن تۆن گەنم وەرگیراوەتەوە .