"ژمارەیەک جوتیاری کورد دەستگیر کران"

هێزێک ئەمنی هەڵیکوتایە سەر گوندی تەپەسەوز لە خورماتوو

+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو

کەمێک لەمەوپێش هێزێکی ئەمنی گەمارۆی گوندی تەپەسەوزی لە سنووری خورماتوو دا و ژمارەیەک جوتیار و هاوڵاتییان دەستگیر کرد.

شەماڵ کاکەخان، جوتیارێکی گوندی تەپەسەوز بە964ـی وت، “کاتژمێر 11:00ـی ئەمڕۆ هێزێکی زۆری ئەمنی گەمارۆی گوندەکەمانیان دا و بەدوای جوتیاری کوردا دەگەڕان و دەستیان بە گەڕان و پشکنینی ماڵان کرد، سێ جوتیار و دوو هاوڵاتییان دەستگیرکرد، دواتر جوتیارانی تر  ئاگادارکرانەوە بەشێکیان خۆیان حەشار دا و بەشێکی دیکەیان گوندەکەیان جێهێشت، تەنانەت ئەو کەسەی بە مۆبایل وێنەی بگرتبا دەستبەجێ دەستگیردەکرا.

وتیشی، ئەم هەڵمەتەی ئەمڕۆی هێزە ئەمنییە عێراقییەکان دوای ئەوە دێت، کە لە دوو رۆژی رابردوودا کاتێک عەرەبی هاوردە هەڵیکوتایە سەر زەوی و زارەکانمان و جوتیارانی کوردیش رێگریان لێ کردن، بە بەرد و دار راویاننان.

حەسەن گەرمیانی، ئەندامی ئەنجومەنی پێشووی پارێزگای سەڵاحەدین و نوێنەری جوتیارانی سنوورەکە، بە 964ـی وت، بڕیار بوو ئەمڕۆ لە پارێزگای سەڵاحەدینەوە لیژنەیەک بهاتبایە بۆ ناوچەکە و لەگەڵ جوتیارانی گوندەکە و هێزە ئەمنییەکان کۆببنەوە، بەڵام لە بری لیژنەکە هێزێکی ئەمنییان رەوانە کردووە و پشکنینی ماڵانیان کردووە.

وتیشی، لەگەڵ نوێنەرانی کوردی سنوورەکە و جوتیاران لەسەر هێڵین و بە جوتیارانمان راگەیاندووە کە سبەی گردبونەوەیەکی ناڕەزانی لەپێش قایمقامیەتی خورماتوو ئەنجام بدەن بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو خروقات و ناهەقییەی بەرامبەر بە جوتیارانی ناوچەکە دەکرێت”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ 26جوتیاری کورد دەرکردووە

دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ 26جوتیاری کورد دەرکردووە