دیمەنی ئاسمانی قەتەڕ
بنكە سەربازییەكانی ئەمریكای ئامانجە
ئێران لە یەك كاتدا هێرشی كردە سەر چەند وڵاتێكی عەرەبی
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
هێزەكانی ئێران بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكانی ئەمریكا، كەمێك پێش ئێستا ژمارەیەك مووشەكیان ئاراستەی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا كرد لە وڵاتانی قەتەڕ، كوێت، بەحرێن.
هێرشەكانی لە ژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی مژدەی ئازادكردنە و ئاژانسی رۆیتەرزیش بڵاویكردەوە، دەنگی مووشەك و زەنگی ئاگاداركردنەوە لەو وڵاتانە دەبیسترێت.
هاوكات وەزارەتی بەرگریی قەتەڕ رایگەیاند، بەهۆی سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە رووبەڕووی مووشەكەكانی ئێران بوونەتەوە.
ئێران لە رێگەی بەیاننامەی سوپاوە رایگەیاند، هێرشەكانیان وەڵامە بۆ هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر بنكە ئەتۆمییەكانی وڵاتەكەی.
سیستمی بەرگریی بنكەی عەین ئەسەد لە عێراق كارا كرا
تۆڕی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، هەر ئێستا سیستمی بەرگریی بنكەی عەین ئەسەد لە عێراق كارا كرا، كە دەكەوێتە شاری رومادی.
هەرچەندە دەنگۆی ئەوە هەیە مووشەك ئاراستەی عێراقیش كرابێ، بەڵام هێشتا پشتڕاست نەكراوەتەوە.