لە نووسینگەی وەزیری تەندروستی چی روویدا؟
“دەرگایان لەسەر داخستین و سووكایەتییان پێكردین”
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
بەشێک لە پزیشكانەی لە دەرەوەی وڵات بڕوانامەیان وەرگرتووە، ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری تەندروستی كۆبوونەوە بە ئامانجی دامەزراندن، بەڵام نوێنەری ئەو پزیشكانە دەڵێت، سووكایەتیان پێكردین و خەریك بوو پێشێلكاریشیان بەرامبەر بكرێت.
ئوسامە داود، نوێنەری پزیشكانی دەرچووی دەرەوەی وڵات، بە 964ی، وت، ئەوان بە رێگای یاسایی داوای دامەزراندیان کردووە و هیچ پاساوێکی یاسایی نییە بۆ دانەمەزراندیان، لە کۆی 779 دەرچوو 53 دەرچووی دەرەوەی وڵات هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت.
وتیشی، ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری تەندروستی کۆبوونەوە و ئەوانیش لە نێو کۆبوونەوەکە مانیان گرت و دوای زیاتر لە نۆ کاتژمێر و کوژاندنەوەی گڵۆپ لەسەریان هۆڵی کۆبوونەوەکەیان جێهێشت.
ئەوانە ژمارەیان 53 دکتۆرە و دەرچووی دەرەوەی وڵاتن و داوا دەكەن ناویان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزبكرێتەوە و دابمەزرێن، بەڵام بە قسەی ئەو پزیشكە، وەزارەتی تەندروستی نایەوێت ناوەكانیان بنێرێت، بەڵام لە دوای كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بەڵێنیان پێدراوە ناوەكانیان بنێرن.
ئوسامە داود دەڵێت، “بە ئێمە دەڵێن بە پارە خوێندووتانە، ئەی UKHيش بە پارەیە”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا