بزانە دایک و باوکى منداڵەکە چیان بەسەردا سەپێندراوە؟
منداڵەکە بۆ یاریکردن ئاگرى کردەوە؛ بەڵام دارێکى تەمەن 10 ساڵان سووتا
964+
بروا مەجید-شارەزوور
لە دووەم رۆژی جەژنی قورباندا، کاتێک دەنگی پێکەنین و یاریی منداڵان پارکی وەلی دێوانەی لە قەزای شارەزوور پڕ کردبوو، دارێکی واشنتۆنیای تەمەن 10 ساڵ لەلایەن منداڵێکەوە سووتێندرا، بەڵام شارەوانى بەدواداچوونى کرد و قەرەبووى دارەکەى بە خێزانى منداڵەکە کردەوە.
ئەو دارە، کە بۆ ماوەی دەیەیەک سیمایەکی جوانی بە باخچەکە بەخشیبوو، لەلایەن کارمەند و باخەوانەکانەوە وەک منداڵێک خزمەتى دەکرا، بەڵام کاتێک لەخەم رەخسا، گەورەبوونەکەى بە سووتان کۆتایى هات.
سالار ئەحمەد رەشید، سەرۆکی شارەوانی شارەزوور، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ 964 پشتڕاستی کردەوە کە “رووداوەکە لە دووەم رۆژی جەژندا روویداوە و بەداخەوە دارە واشنتۆنیاى تەمەن 10 ساڵەکەیان سووتاوە”.
دوای بەدواداچوونى شارەوانى دەرکەوت منداڵێک هۆکارى سووتانى بووە، هەر بۆیە وەک ئەوەى سالار ئەحمەد باسى دەکات، لەبری سزادانی منداڵەکە، دایک و باوکی منداڵەکەیان بانگهێشتکردوە و داوایان لێکراوە کە لەبری ئەو دارە سوتاوە، نەمامێکی دیکەی هەمان جۆر و لە هەمان شوێندا بچێننەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح