جوتیارەکان رەنج بەخەسار دەبن

حەوت رۆژە باخ و زەوی شەش گوندی بەرگارە دەسووتێ

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

زیاترە لە حەوت کاتژمێر بەهۆی تۆپبارانی سوپای تورکیا زەوی کشتوکاڵی، شەش گوندی دەڤەری بەرگارەی قەزای ئامێدی دەسووتێت، بەرگری شارستانی و دانیشتەوانی گوندەکان بەهۆی ناسەقامگیری ناوچەکە ناتوانن ئاگرەکە بکوژێنەوە.

دەڤەری بەرگارە و نهێلی دەکەوێتە رۆژهەڵاتی قەزای ئامێدی لەسنووری پارێزگای دهۆک.

بەیانی ئەمڕۆ هەینی 2025.6.20، سوپای تورکیا لە دەڤەری بەرگارەی و نهێلێ زەوی کشتوکاڵی گوندەکانی. “گوهەرز، گێرگاش. مژێ، کەڤنە مژێ، سپیندارا خەلفو و مەهیدی”، تۆپبارانکران، بەسەدان دۆنم زەوی کشتوکاڵ و پووش و پەلاش و  داری سروشتی و رەز و باخی هاوڵاتیان ئاگریان گرتووە.

ئازاد هەمزو، موختاری گوندی مژێ و نوێنەری گوندەکانی دەڤەری بەرگارە بە 964ـی وت، چەندین رۆژە زەوی کشتوکاڵی و رووبەری دەشتی چوار گوندی دەڤەری بەرگارە دەسووتێت کە 90%ی دارەکانیان بەرهەمدارن، و ساڵانە بەرهەمێکی باشی “سماق و گوێز و مازوو و قەزوان و ترێ “بەرهەم دەهێنن.

ساڵی رابردووش زیانێکی یەکجار زۆر بەر من و چەندین جوتیارانی دەڤەری بەرگارە دیکەش کەوتبوو. ئەگەر ئەمساڵیش بەوشێوە کشتوکاڵ و رەز و باخەکانمان تۆپباران بکرێنەوە، زیانێکی زۆر پێمان دەگات و دەبێت رێگەمان پێ بدرێت  ئاگرەکە بکۆژێنینەوە.

ئەحمەد سەعدوڵا، موختاری گوندی گوهەرزێ بە 964ـی وت،لەم هەفتەیەدا ئەوە دووەمجارە زەوییە کشتوکاڵییەکانی گوندەکەمان دەسووتێت و بەهۆی نەسەقامگیری ناوچەکە ناتوانین ئاگرەکە بکوژێنینەوە و زیانێکی یەکجار زۆر بە رەز و باخەکانی چەند هاوڵاتیەکی گوندەکە گەیاندووە.

لەلایی خۆیەوە سەرچاوەیەکی فەرمی لەسنووری قەزای ئامێدی بۆ 964ـی پشتراستیکرد و وتی، نزیکەی هەفتەیەکە دووبارە سوپای تورکیا گوندەکانی دەڤەری بەرگارە و بەشێکی لە گوندەکانی دەڤەری نهێلێ تۆپباران دەکات و دەنگی تەقە دەبیسترێت.

بەهۆیەوە رووبەرێکی زۆری کشتوکاڵی چەندین گوندی سنوورەکە دەسووتێت، لەبەر ناسەقامگیری ناوچەکە رێگە بەدانیشتوانی گوندەکان نادرێت ئاگرەکە بکوژێننەوە بۆ ئەوەی گیانیان پارێزراو بێت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

لەناوچەی گەشتیاری زاوێتەی دهۆک ئاگرکەوتەوە

لەناوچەی گەشتیاری زاوێتەی دهۆک ئاگرکەوتەوە