"ئەمڕۆش پەخشەكەی هاک كرا"
ڤیدیۆی كاتی بۆردومانی تەلەڤزیۆنی ئێران بڵاوكرایەوە
ئەرسەلان عەبدوڵا
دەزگای میدیایی مێهری ئێرانی، ڤیدیۆی ناو كۆنتڕۆڵی تەلەڤزیۆنی سەداوسیمای ئێرانی بڵاوكردەوە، كاتێك دوو رۆژ لەمەوبەر لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆردومان كرا.
دیمەنەكان لە كامێرای چاودێریی ناو ژووری كۆنتڕۆڵ و ناو تەلەڤزیۆنەوە وەرگیراون و وەك دەردەكەوێت، ئەو كاتەیە كە بێژەری هەواڵ سەحەر ئیمامی لە ناو ستۆدیۆیە و هەواڵ دەخوێنێتەوە، لەوكاتە بارەگای تەلەڤزیۆنەكە بۆردومان دەكرێت، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە كارمەندانی كۆنتڕۆڵ هەموویان لە ترسی گیانی خۆیان رادەكەن و تەنیا یەك كەس دەمێنێتەوە، كە بەڕێوەبەری هەواڵەكانە و دواتر هاوكارێكی دێت و ئەویش دەباتە دەرەوە.
هاوكات ئەمڕۆ چوارشەممە هێرشی ئەلیكترۆنی كرایە سەر پەخشی تەلەڤزیۆنەكە و بۆ چەند خولەكێك هاك كرا، بەڵام دواتر دەستیان بەسەر كۆنتڕۆڵی پەخشەكەدا گرتەوە.
ئێوارەی دووشەممەی رابردوو، تەلەڤزیۆنی سەداوسیما، كە تەلەڤزیۆنی حكومەتی ئێرانە، لە لایەن ئیسڕائیلەوە بۆردومان كرا و بە گوێرەی هەواڵەكانیش كوژرا و بریندار لە هێرشەكەدا هەبوون.